15یەمین پێشانگەی کتێب لە کرماشان بە ساردوسڕی کرایەوە
دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ، 15یەمین پێشانگەی کتێب لە پارێزگای کرماشان کرایەوە، بەڵام سەرەتای کردنەوەی پێشانگەکە سارد و سڕییەکی زۆری لە خوێنەران و سەردانیکاران پێوە دیار بوو، پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا، دوای ئەو هەموو ساڵە چاوەڕوانییە، کەچی سەردانیکاران بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.
بۆ ئەمساڵ 350 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی بە 13 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب لە پارێزگای کرماشان و سەرانسەری ئێران لە پیشاندانی بەرهەمەکانیان بەشدارن، بڕیارە پێنج ڕۆژی لە پێشوازی خوێنەران و چین و توێژە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت.
سەجاد قاسمی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پێشانگەی کتێبی کرماشان دەڵێت: ئەمساڵ 13 هەزار ناونیشانی جیاواز لەم پێشەنگەیەی کتێب نماشکراون و خراونەتە بەر دیدی خوێنەران، کە هەموو بوارێکی تێدایە، دەروونناسی، ئایینی و مەزهەبی، کتێب بە زمانی بیانی، تاوەکوو کتێبەکانی تایبەت بە فێربوونی منداڵان و لاوانیشی تێدایە.

گوتیشی: نزیکەی 320 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە سەرانسەری ئێران بە گشتی و 30 ناوەندی چاپی ناوەندی پارێزگای کرماشان، بە نمایشکردنی بەرهەمەکانیان لەم پێشانگەیە بەشدارن.
سەجاد قاسمی بۆ سەردانیکاران و خوێنەرانی پێشانگەکە پێشنیاز دەکات، کە فەرهەنگیی کوردی – فارسی چاپخانەی سروش سوودێکی زۆری بۆ زمانەوان و خوێنەران هەیە، بیخوێننەوە.
لە پشت هەر یەکێک لەو کتێبانەی لە پێشانگەکە نمایشکراون، چیرۆکی نووسەرێکی بە توانا هەیە، کە شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک بۆ ئەوەی دونیایەک زانیاری، چیرۆک، مێژوو و بابەتە بایەخدارەکانی دیکە بێنێتە سەر پەڕە سپییەکان و بیخاتە بەردەستی خوێنەرانەوە.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بۆ ئەمجارە لە 15یەمین پێشانگەی کتێب لە کرماشان، %20 داشکان کراوە بۆ خوێنەران لە کڕینی هەر کتێبێک لە بەرهەمی چاپخانە بەشداربووەکان، بۆ ئەمەش ڕێکخەری پێشانگەکە داوا لە سەردانیکارانی دەکات، لە داشکانەکان سوودمەند بن.
ڕێکخەری پێشانگەی کتێب لە کرماشان دەڵێت: ئومێدەوارین خوێنەواران و هاووڵاتییان بە گشتی لەو داشکاندنەی لەسەر کتێبەکان دانراوە، سوودمەند بن، چاوەڕانی دانیشتووانی کرماشان و ناوچەکانی دیکە سەردانی پێشانگەکە بکەن، چونکە لێرە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان ئاسانە.
بە گوێرەی بەدواداچوونی میدیاکانی ئێران، لەم چەند ساڵەی داواییدا بەهۆی قەیرانی دارایی و هەڵاوسا، کڕیارانی کتێب بە ڕادەیەکی پێشبینی نەکراو کەمیکردووە، هۆیەکی دیکەی کەمبوونەوەی کڕیارانی کتێب لەسەرانسەری ئێران بەهۆی بەرزی نرخی کتێبەوەیە، هۆیەکی دیکەی ساردوسڕی 15یەمین پێشانگەی کتێب لە کرماشان، بەهۆی ئەوەیە، کە هەشت ساڵی لەسەر یەکە نەکراوەتەوە.
