کشتوکاڵی ئەمەریکا: عێراق لە بەرهەمهێنانی 'جۆ'دا پێشەنگی وڵاتانی عەرەبییە
بەپێی نوێترین ئامارە جیهانییەکان بۆ وەرزی 2025، عێراق توانیویەتی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات و پلەی یەکەم لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی "جۆ" بەدەست بهێنێت.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا، عێراق گەورەترین بەرهەمهێنەری بەرهەمی جۆیە لە ناوچەکەدا و بڕی بەرهەمەکەی گەیشتووەتە 1.4 ملیۆن تۆن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاسایشی خۆراک هەژمار دەکرێت.
لە ڕیزبەندییەکەدا، هەریەکە لە جەزائیر و سووریا بە جیاوازییەکی کەم لە دوای عێراقەوە دێن و پلەی دووەمیان گرتووە، کە بەرهەمی هەر یەکێکیان 1.2 ملیۆن تۆن بووە. هاوکات مەغریب بە 660 هەزار تۆن و تونس بە 272 هەزار تۆن لە پلەکانی دواتردا دێن.
داتاکان ئاماژە بەوەش دەدەن کە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەرهەمیان کەمتر بووە؛ لیبیا 100 هەزار تۆن، میسر 90 هەزار تۆن، یەمەن و لوبنان 30 هەزار تۆن و ئوردنیش بە کەمترین بڕ کە 25 هەزار تۆنە لە کۆتایی لیستەکەدا هاتووە.
شارەزایان هۆکاری جیاوازیی زۆری بڕی بەرهەمهێنان لە نێوان ئەم وڵاتانەدا بۆ جیاوازیی کەشوهەوا، سیاسەتی کشتوکاڵی و ڕێژەی ئاوی بەردەست دەگەڕێننەوە.
