ئارنۆڵد هەواڵێكی خۆش و ناخۆشی راگەیاند
لە مێژوودا عێراق بەرامبەر جەزائیر نەدۆڕاوە
هەڵبژاردەی عێراق دوای دوو بردنەوەی لەسەر یەک، لە قۆناغی یەکەمی جامی عەرەب و مسۆگەر کردنی بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە، ئەمجارەیان لە کۆتا گەڕ و لە پێناو پێشەنگایەتی کۆمەڵەی چوارەم، رووبەڕووی هەڵبژاردەی جەزائیر دەبێتەوە. شێرەکانی رافیدەین سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر کردووە، براوەی ئەم یارییەش وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی چوارەم سەردەکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی.
لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی عەرەب، سبەی سێشەممە كاتژمێر 08:00ـی شەو، هەڵبژاردەی عێراق و جەزائیر رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
عێراق خاوەنی زۆرترین ناسناوی جامی عەرەب، بە بردنەوەی بەرامبەر بەحرێن و سودان، سەرکەوتنی لە کۆمەڵەی چوارەم بۆ قۆناغی چوارەم مسۆگەر کردووە، شێرەکانی رافیدەین بۆ ئەوەی وەکو پێشەنگی کۆمەلەکەیان سەرکەون، پێویستیان بە بردنەوە یان یەکسانبوون هەیە.
ئارنۆڵد هەواڵێكی خۆش و ناخۆشی بۆ عێراقییەكان راگەیاند
گراهام ئارنۆلد راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەیمەن حوسێن لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بەشداری ئەم یارییە دەکات، لە هەمان کاتدا راهێنەرەکەی عێراق گوتیشی، شیرکۆ کەریم بەهۆی پێکان بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی جامی عەرەب ناکات.
گراهام ئارنۆڵد گوتیشی: دوای یارییەکەمان بەرامبەر سودان ئامادەکارییەكی باشمان کردووە، ئەمجارەش رووبەڕووی جەزائیر دەبینەوە و پێش یارییەکەش دەزانین کێ لە پێکهاتەی سەرەکی یاری دەکات. یاریکردن بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی ئەفریقیا تەحەدایەکی گەورەیە، یارییەکی ئاسان نابێت و هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوە دەدەین.
ئارنۆڵد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەو یارییە دەبێتە هەڵسەنگاندن و ئامادەکارییەکی باش بۆ یاری داهاتوو، دەشڵێت: خۆشبەختانە ئەیمەن حوسێن هیچ کێشەیەکی نەماوە و بەشداری ئەم یارییە دەکات، بەڵام شێرکۆ بەهۆی پێکانەکەی بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی جامی عەرەب ناکات''.
ئامارە مێژووییەكانی نێوان هەردوو هەڵبژاردە
هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و جەزائیر جاری یەکەمیان نییە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، پێشتر ئەو دوو هەڵبژاردەیە چوار یاری دیکەیان بەرامبەر یەکتری کردووە و هەر چوار یارییەکەش دۆستانە بووە، لەو چوار یارییەش عێراق بەرامبەر جەزائیر نەدۆڕاوە، دوو بردنەوە و دوو بەرامبەربوونی هەیە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی عێراق وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی چوارەمی جامی عەرەب، ئەوا لە قۆناغی داهاتوو رووبەڕووی دووەمی کۆمەڵەی سێیەم دەبنەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنیان وەکو دووەمی کۆمەلەکەیان، لە قۆناغی داهاتوو رووبەڕووی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەم دەبنەوە.
