زانکۆی سەڵاحەدین: وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون دەکرێتە ئەلیکترۆنی
زانکۆی سەڵاحەدین ڕاگەیاند، چیتر پێویست ناکات قوتابی دەرچوو بۆ بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون سەردانی تۆماری زانکۆ بکەن، بەڵکوو بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و ئاساناتر مامەڵەکانیان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەرجەم کاروبارەکانی تۆماری گشتیی زانکۆی سەڵاحەدین بووە ئەلیکترۆنی و دەرچووان دەتوانن بەشێوازی ئەلیکترۆنی داوای بڕوانامەی دەرچوون بکەن.
سامان عەبدوڵڵا گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری گشتیی و بەرێوەبەرایەتی سەنتەری IT زانکۆی سەڵاحەدین تواندرا گشت کاروباری داواکاردنی بروانامە و پشتگیری دەرچوون لە زانکۆی سەڵاحەدین بە سیستەم ئۆنلاین بکرێت و قوتابی و دەرچوو دەتوانێت لە ماڵەوە داوای بروانامە، یان پشتگیری دەرچوون بکات و لە هەمانکاتدا بۆی دەگەیەندرێتەوە ماڵەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم سیستەمە تایبەتە بە قوتابییانی دەرچووی بەکالۆریۆس، لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەرێوەبەری تۆماری کۆلێژەکان ئەنجامدرا و چۆنیەتی رێکارەکان شیکراوەتەوە.
