دابەزینی مێژوویی بەهای تومەن بەرانبەر دراوە بیانییەکان بەردەوامە

سێشەممە، 79ی کانوونی یەکەم 2025، بەهای تومەن بەرانبەر بە زێڕ و دراوە جیهانییەکان لە دابەزینی مێژوویی بەردەوامە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 12  ملیۆن و 628 هەزار تومەنی ئێرانی. 

بە گوێرەی پێگەی فەرمیی بازاڕی دراوی ئێران، 100 یۆرۆ بە 14 ملیۆن و 468 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە کراوە و بەهای یەک هەزار دیناری عێراقی گەیشتووەتە نزیکەی 97 هەزار تومەن.
نرخی یەک مثقاڵ زێڕی 18 عەیار بەرانبەر بووە بە 55 ملیۆن و 580 هەزار تومەن، کە بەراورد بە دوێنێ، نزیکەی 400 هەزار تومەن گرانتر بووە.

دۆخەکە بە ڕادەیەک خراپە کە بنکەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە تاران، ناچار کراون کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکان ڕاگرن و نرخەکان ڕانەگەیەنن. دەڵاڵێکی دۆلار کە نەیویست بە فەرمی قسە بۆ کوردستان 24 بکات ڕایگەیاند "بانکی ناوەندیی ئێران ڕێگەمان نادات مامەڵە و ئاڵوگۆڕ بە دراوە بیانییەکانەوە بکەین."

ڕەحمەتوڵڵا نەورۆزی، پەرلەمانتار، لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی ئێراندا، گوتی: بەهای  یەک دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 123 هەزار تومەن و لیرەیەکی زێڕ بە 130 ملیۆن تەمەنە. ئێمە لە پەرلەمان خەریکین چی دەکەین؟ ئەمریکا و ئیسرائیل پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. ئێمە دەبێ چاودێریی کاری حکوومەت بین و لێپرسینەوە لە وەزیرەکان بکەین. هەڵاوسان گەیشتووەتە %50 کەچی مووچەی فەرمانبەران تەنیا %20 زیاد دەکرێت؛ ئێوە دەزانن ئەم خەڵکە لە چ دۆخێکی دژواردا دەژین؟

دابەزینی بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان، لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تومەن دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل