شیعەکان بەدوای سەرۆک وەزیرانێکی گوێڕایەڵدا دەگەڕێن

سەلام عادل، ئەکتەری پێشووی کۆمیدیا و چاودێری سیاسیی ئێستا، سیڤی خۆی داوە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تاکو بیکەن بە سەرۆک وەزیران.

بەوە ناسراوە کەسێکی تایفییە و دژی کورد و سوننە قسە دەکات، لەدوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرکردەکانی شیعە لەسەر بەربژێری سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەوتوون، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24، لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا ناوی بەربژێرەکان لە نۆ کەسەوە کەم دەکرێتەوە بۆ شەش کەس و پاشان بە زۆرینەی دەنگ یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.

سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە بەربژێرانی پۆستی سەرۆک وەزیران کەم بکەنەوە بۆ پێنج یاخود شەش بەربژێر، بە ئەگەرێکی زۆر لە دانیشتنەکانی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە و دوو بۆ سێ بەربژێر دەمێننەوە، دواتر کەسێک هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش بەپێی مەرج دیاری دەکرێت و ئاڵنگارییەکانیش لەبەرچاو دەگیرێن.

کوردستان24، زانیویەتی سوننەکانیش لەسەر ناوی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێکنەکەوتوون، بەڵام ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە پشکی سوننە لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیر و پلە تایبەتەکان بەپێی خاڵ بێت. ئەگەر لایەنێکیان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، دەبێت پۆستی وەزیر و پۆستەکانی دیکەی حکومەت بۆ لایەنەکەی دیکە جێبهێڵێت.

فیراس جرێسی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دەڵێت، تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر هیچ بەربژێرێک نەکراوە لەنێو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، بەڵام هێڵە گشتییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، هەروەها دەبێت بەربژێرەکە بەپێی ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بێت و بەربژێرەکەش کەسی یەکەمی حزبەکان بن.

لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، بەپێی دەستوور دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن.

زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکن لەسەر ئەوەی کە نایانەوێت هەڵەی چوار ساڵی ڕابردوو دووبارە بکەنەوە و دەیانەوێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، کەسێکی بێهێز و گوێڕایەڵ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید بکەن. بۆیە ڕەنگە هەموو ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر کردووە، هیچیان دەنگیان لەسەر نەدرێت و لە دوا ساتەکاندا بازەکە لەسەر شانی کەسێکی دیکە بنیشێتەوە.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل