خالید مەشعەل: دەبێت لە غەززە تەنها فەڵەستینییەکان بڕیار بدەن
سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند، پێشنازی نوێمان بۆ ئیسرائیل هەیە، ئەگەر ئەوان بە بڕیاری دانەماڵینی چەک لە دەستی حەماس ڕازی ببن، ئێمەش گەرەنتی ئەوە دەکەین کە چیتر لە غەززەوە هێرش نەکرێتە سەر ئیسرائیل.
چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2025، خالید مەشعەل، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "جەزیرە" گوتویەتی،"دەسەڵات لە غەززە دەبێت فەڵەستینی بێت، هەروەها دەبێت فەڵەستینییەکان ئەوانە بن کە بڕیار بدەن و حوکمڕانی بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕ و سەرنەکەوتنی پلانی ئاشتی غەززە، لە لایەن ئێمەوە نییە، بەڵکو ئیسرائیلە بە بیانوی جیاواز و پرسی چەکدانانی حەماس دەیەوێت دووبارە بارودۆخی ناوچەکە تێکبدات.
جەختی لەوەکردووەتەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، پێویستە فشاری زیاتر بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە، ئاماژەی بەوەداوە، حەماس بە پەرۆشە بۆ ئەو ئەنجامە و دەیەوێت بە زووترین کات شەڕ کۆتایی پێبهێنرێت.
لە بارەی دانانی چەک، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس گوتی:" داماڵینی چەک بۆ فەلەستینییەکان وەکو "دەرهێنانی ڕۆحە".
لە درێژەی قسەکانیدا خالید مەشعەل دەڵێت، " کاتی ئەوە هاتووە کە فەڵەستین سەرەنجی لە سەر کاروباری ناوخۆیی خۆی بێت، پێویستە خۆمان کۆبکەینەوە و هەوڵی ڕێکخستنەوەی وڵاتەکەمان بدەین، ئیتر پێویست ناکات لە غەززە و تەواوی فەڵەستین گوێمان لە دەنگی تەقەکردن ببێت، بۆیە وڵاتانی نێوەندگیر ئاگادار دەکەینەوە کە غەززە پێویستی بە هاوکاری هەیە بۆ ئەوەی دووبارە ژیان لەو ناوچەیە ئاسایی ببێتەوە.
