قایمقامی کەلار داوا لە بەشێکی هاووڵاتییان دەکات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن
قایمقامی کەلار هۆشداری لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو دەدات و داوا لە دانیشتووانی نزیک چەم و دۆڵەکان دەکات ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "مەترسیی دروستبوونەوەی لافاو لە کەلار هەیە. داوامان لە دانیشتووانی نزیک چەم و گۆمەکان کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. یەکێک لەو شوێنانەی مەترسیی لافاوی لەسەرە، چەمی گازینۆیە لە گەڕەکی گۆران."
ناوبراو جەختیشی کردەوە، مەترسیی شکانی بەربەستەکانی چەمی گۆپانیش هەیە و ئەگەری دروستبوونەوەی لافاوێکی دیکە لە ئارادایە. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لە کەلار هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە."
چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەردەوام بێت. بەهۆی بارانەکەوە، لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و کەرکووک ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستدا.
