وەزارەتی کشتوکاڵ: ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزبووەتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی دواین شەپۆلی بارانبارین و لافاو لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، داهاتی ئاوی بەنداوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە (خەزن کراوە). لەو ڕێژەیەدا ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 1.5مەتر (مەتر و نیوێک) و بەنداوی دوکان 70سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە بەنداو و پۆندە بچووکەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان سەرجەمیان پڕبوون. هاوکات لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک بەنداو سەرڕێژی کردووە و ئەوانی دیکەش بڕێکی باش ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، لە سنووری دهۆکیش ئاستی ئاوی بەنداوەکان زیادیان کردووە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش داوە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو بەنداوە گەورەکان زیاتر بەرز ببێتەوە."
