فەلاح حەسەن: کشانەوەی یونامی لە عێراق کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێنەیەکی تاریک بۆ ئایندەی عێراق دوای کشانەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەوڵەکانی بەغدا بۆ نیشاندانی وێنەیەکی سەقامگیر بە جیهان، بەڵام وڵاتەکە هێشتا توانای خۆبەڕێوەبردنی تەواوەتی نییە و کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەو نێردەیە بۆشاییەکی گەورەی مرۆیی و خزمەتگوزاری دروست دەکات.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، شرۆڤەی بۆ دۆخی عێراق و بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی کرد.
بە بڕوای ناوبراو، عێراق لە بنەڕەتەوە کێشەی نەبوونی سەقامگیریی هەبووە و هەر ئەوەش وای کرد لە ساڵی 2003 پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ببات بۆ ناردنی تیمەکانیان، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە دا، بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر وڵاتێکدا ئاماژەیە بۆ نەبوونی ئاسایش و ئارامی، ئێستاش عێراق دەیەوێت بە دەرکردنی یونامی ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنێت کە گەیشتووەتە قۆناغی خۆبەڕێوەبردن، بەڵام واقیعەکە پێچەوانەیە و عێراق هێشتا لە قۆناغی ساڵی 2003ـدا چەقیوە.
لەبارەی مەترسییەکانی ئەو کشانەوەیە، سەرۆکی فەرمانگەکە هۆشداریدا لەوەی، هەنگاوێکی لەو شێوەیە کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە، چونکە یونامی ڕۆڵێکی سەرەکی لە دوو سێکتەری هەستیاری سیاسی و "مرۆیی دەگێڕێت، بە وەستانی کارەکانیان، هاوکارییەکان لە بواری خۆراک، تەندروستی، پەروەردە و پرسی پەنابەران پەک دەخرێن کە ئێستا لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و ئاشکرای کرد، کشانەوەی یونامی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان بۆ کوردستان، چونکە ڕێکخراوەکان پێیان وایە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق پێشکەوتووترە و کەمتر پێویستی بە هاوکارییە.
سەبارەت بە چاودێریکردنی ڕێکخراوە ناوخۆییەکانیش، فەلاح حەسەن جەختی کردەوە، میکانیزمێکی توند هەیە و دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی لە خەرجییەکانیاندا دەکات، ڕوونیشی کردەوە، حکوومەت چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک ناکات و بەو هۆیەوە ژمارەیەک ڕێکخراو ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و تەنانەت ڕەوانەی دادگاش کراون.
ناوبراو داواشی کرد پەرلەمان بڕیارێکی نوێ دەربکات کە دەسەڵات بداتە حکوومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی ئەو ڕێکخراوانەی کە هیچ خزمەتێک پێشکەش ناکەن.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە ساڵی 2003 بە بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزراوە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و گەشەپێدان لە عێراق، لە مانگی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیاریدا کە ئەرکی ئەم نێردەیە تا کۆتایی ساڵی 2025 درێژ بکرێتەوە و دواتر بە یەکجاری کۆتایی بە کارەکانیان لە عێراق بهێنرێت،ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە چاودێران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانییان هەیە لەوەی کە دامەزراوەکانی عێراق هێشتا توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەیان نییە کە بە ڕۆیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست دەبێت.
