لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا پێكهێندراوه‌

لیژنه‌كه‌ سبه‌ی یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌كات

K24 – ھەولێر:

ئەو لیژنە ھەشت ئەندامیەی، کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێكیهێناوه‌، بۆ چارەسەری کێشە داراییەکانی ھەرێم و بەغدا، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامبدەن، پاشان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان و حکومەتی ھەرێم لە سەر خاڵە ناکۆکەکانی پرۆژە بودجەی 2021 رێکبکەون، عەدنان زورفی و فەیسەڵ عیساوی، کە ئەندامانی لیژنەکەن بە کوردستان 24یان راگەیاند، ئامانج لە درووستکردنی لیژنەکە بۆ ئەوەیە، کە ھەڵەی تێپەراندنی یاسای قەرز دووبارە نەبێتەوە، چونکە وەك خۆیان دەڵێن: پەسەندکردنی یاسایی قەرز بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانیەکان ھەموو رێکەوتنێکی سیاسی و نشتیمانیی پێشێلكردووه‌.

لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکاریانەی بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەکی پەرلەمانی درووستکردووە، تاکو کێشە داراییە ھەڵپسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق تاوتوێ بکەن و سەرجەم ئەو خاڵە ناکۆکانەی لە پرۆژە بودجەکانی رابردوودا ھەبوون، لەیەکتێگەیشتنی بۆ درووستبکرێت و بە رێکەوتنێکی نوێ، پێشوازی لە پرۆژە بوودجەی 2021 بکەن.

عەدنان زورفی، ئەندامی لیژنەی رێکەوتنی دارایی ھەرێم و عێراق بە کوردستان 24ی گوت: "ئەم لیژنە پەرلەمانیە بۆ ئەوە درووستکراوە ھەردوو حکومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لەیەك نزیك ببنەوە و خاڵە ناکۆکەکان لە بارەی پێدانی مووچە لە بەرامبەر وەرگرتنی داھاتی نەوتی و نانەوتی لەگەڵ كوردستان تاوتوێ بکەین و ھەوڵدەدەین فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بە دوور بگرین لە ھەموو ململانێیەك؛ چونکە ئەوان فەرمانبەرن و کاری حکومی و خزمەتی گشتی دەکەن لە ناو شارەکانی ھەرێمی كوردستان، ناکرێت ببنە قوربانی، کە بەدرێژاییی چەندین ساڵە زیانیان بەرکەوتووە".

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، ئەو لیژنەیە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، بە پێی دەستور ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم لە بەر چاو بگرن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: ئەوەی لە یاسای قەرزکردن روویدا ھەڵەیە و بەسەریاندا تێپەڕێوە، چونکە ھەموو رێکەوتنێکی سیاسی و نشتیمانیی پێشێل كردووه‌، بۆیە دەیانەوێت ئەو ھەڵەیە چاك بکەنەوە و لە پرۆژە یاسایی بوودجەی 2021 نایانەوێت ئەوە دوبارە ببێتەوە.

فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی لیژنەی رێکەوتنی دارایی ھەرێم و عێراق گوتی: "پەرلەمانی عێراق سوورە لە سەر ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات و لایەنەکان نزیك بکاتەوە، نامانەوێت ئەوەی لە یاسایی قەرزکردن رویدا دووبارە ببێتەوە، بۆچوونی زۆرینە سەپێندرا و ھەندێك لایەن بایکۆتیان کرد و پاشان یاساکە بە زۆرینە تێپەڕی به‌بێ ئامادەبوونی ئەوان، بۆیە ئەم لیژنەیە درووست بوو، تاکو گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکەین بۆ ئەوەی ھەموو خاڵە ناکۆکەکان لە یەك نزیك بکەینەوە، چی لە بارەی نەوت بێت یان قەرز یان مووچە، تاکو ھەموومان کۆکبین لە سەر بودجەی 2021".

پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ھێشتا لە بەر دەستی ئەنجوومەنی وەزیرانە، سەرباری ئەوەی کورتھێنانەکەی لە 40 ترلیۆن دینار نزیك دەبێتەوە؛ بەڵام پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بەر لە گەیشتنی پرۆژەکە ئامادەکاریەکی توکمەی پێشوەختی بۆ بکات و لە رێگه‌ی چەند لیژنەیەکەوە رێکەوتن بۆ بڕگەکانی بکات لەگەڵ ھەموو فراکسیۆن و وەزارەت و پارێزگاکان و ھەرێمی کوردستانیش.