وەزیری ناوخۆ تیمێکی هاوبەش بۆ پشکنینی DNA ـی تەرمە دۆزراوەکە پێکدەهێنێت

بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی ئەو تەرمەی لەسەر زێی گەورە دۆزراوەتەوە، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیمێکی پسپۆڕی فرەلایەن پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی زانستی تەرمەکە هەڵبگرنەوە و پشکنینی وردی پزیشکیی بۆ ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاندووە، تەرمێک لە نزیک گوندی ئیستریان لە کەناری زێی گەورە دۆزراوەتەوە.

 دوای گەیشتنی زانیارییەکان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ فەرمانی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی تەندروستیی هەولێر، پزیشکی دادی، بەرگریی شارستانی و بەڵگەکانی تاوان.

بەگوێرەی پلانی تیمەکە، بڕیارە تەرمەکە بە ڕێکارێکی زانستی و ورد لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵبگیرێتەوە و ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر. لەوێش پشکنینی DNA و توێکاریی پزیشکیی بۆ دەکرێت، تاوەکو ناسنامە و چارەنووسی تەرمەکە بە تەواوی دیاری بکرێت و گومانەکان بڕەوێنرێنەوە.

هاوکات، بەرگریی شارستانی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە مامەڵەیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ ڕووداوەکەدا بکەن و پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری، بەڵکو چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان و لێدوانی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
زێی گەورە یەکێکە لەو ڕووبارانەی کە ساڵانە حاڵەتەکانی خنکانی تێدا تۆمار دەکرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا تەرمەکان دوای ماوەیەک لە ونبوون دەدۆزرێنەوە، ئەمەش وادەکات ناسینەوەیان بە چاوی ئاسایی ئەستەم بێت، پێکهێنانی ئەم تیمە پسپۆڕە و بەکارهێنانی پشکنینی DNA هەنگاوێکی گرنگە بۆ دڵنیابوونەوەی خێرا و زانستی لە ناسنامەی قوربانییەکە و ڕادەستکردنەوەی بە کەسوکاری، بۆ ئەوەی کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان بهێنرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل