وەزارەتی ژینگەی عێراق: پیسبوونی ژینگەی بەغدا سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە

وەزارەتی ژینگەی فیدراڵ هۆشداری لە پیسبوونێکی مەترسیداری ئاو و هەوا و خاکی عێراق دەدات، کە بووەتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی دانیشتووانی وڵاتەکە.

سەرۆکی ڕێکخراوی ڕوانگەی سەوزیی عێراق، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ سووتاندنی خۆڵ و خاشاک بەشێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئاو و شێواندنی ژینگە و سروشت، هاوکات زۆربوونی کارەگەکان لە نێو سەنتەری شارەکان هۆکارگەلێکی دیکەن بۆ زیاتربوونی مەترسییە تەندروستییەکان.

وەزارەتی ژینگەی عێراق کە خۆیان بەرپرسن لە دۆخی ژینگەیی، هۆشداریی دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، کە ئاو و هەوا و خاکی عێراق ڕووبەڕووی پیسبوونی یەکجاری بووەتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا و زۆربوونی کارگە و ئۆتۆمبێل و سوتاندنی زبڵ و خۆڵ و خاشاک ،  هاووڵاتییانی عێراقی تووشی ژەهراویبوون و چەندین نەخۆشی کوشندە کردووەتەوە.

دانیشتووێکی بەغدا بە ناوی حوسێن ساعدی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "لە ناوچەکانی دەورووبەری بەغدا، نەخۆشی شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی دیکەی مەترسیدار بڵاوبوونەتەوە، هەموو هۆکارەکەی پیسبوونی ژینگەیە".

گوتیشی: پیاوێک دەناسم لە گەڕەکی کەمپ سارا، کوڕەکەی بەهۆی دووکەڵی سووتانی زبڵ و خاشاکەوە، کۆچی دوایی کرد، ئەمە مەترسیی ڕاستەقینەیە، هەوای بەغدا ئێستا زۆر پیسە و بۆ ژیان گونجاو نییە.

 فەلاح خەلیل دانیشتووێکی دیکەی بەغدا دەڵێت "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەبێت پۆلیسی پاراستنی ژینگە دابنێت و دەسەڵاتیان پێبدات، تاکو چاودێری ئەو کەسانە بکەن کە دوور لە ڕێنماییەکان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بە تایبەت کارگەکان پێویستە وەزارەتی ژینگە دەسەڵاتی هەبێت و هاوکاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات."

بەغدا بە یەکێک لە پیسترین پایتەختەکانی جیهان لە ڕووی ژینگەییەوە دەستنیشان کراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ناو سەنتەری شار پاڵاوگەی نەوت و 10هەزار کارگە و کوورە و دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل و 14 هەزار مۆلیدەی ئەهلی ڕۆژانە کار دەکەن و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، ئەمە جگە لەوەی هیچ پرۆسەیەکی ڕیسایکلینی زبڵ و خاشاک نییە، بەڵکو هەر بە شێوازە کۆنەکە بە سووتاندن خۆ لە خاشاک ڕزگار دەکرێت.

کەمبوونەوەی ئاو یەکێکی دیکەیە لە هۆیە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگەی عێراق، بەر لە وەرزی زستان و باران ڕێژەی ئاوی گلدراوە بۆ 8% دابەزی بوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی بەسەر دۆخی تەندروستی و کشتوکاڵی و سامانی ماسی و تەنانەت کارەبا و گەشتیاریش دروست کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل