سایلۆی هەولێر: سبەینێ دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێ پێنجشەممەوە دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی سەدان جووتیاری سنوورەکە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر ئاگاداری سەرجەم ئەو جووتیارانە دەکاتەوە کە گەنمی ئەمساڵیان ڕادەست کردووە، سبەینێ پێنجشەممە (18کانوونی یەکەمی 2025)، دەست بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنم دەکرێت.
بەپێی ئاگادارییەکە، دابەشکردنەکە لە ڕێگەی بانکی (TBI) دەبێت و ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە زنجیرەیان لە (4)ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو زنجیرەی (780)، سایلۆی هەولێر ڕوونیشیکردۆتەوە کە سەرجەم ئەو جووتیارانەی زنجیرەکانیان لەو نێوەندەدایە دەتوانن سەردان بکەن، جا بڕی گەنمەکەیان لە سەرووی 50 تۆن بێت یان خوار 50 تۆن، جیاوازی نییە.
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی چەکەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردۆتەوە.
1-دەبێت خاوەنی چەکەکە خۆی ئامادە بێت.
2-ئەگەر لەڕێگەی بریکارەوە (وەکیل) بێت، دەبێت بریکارنامەکەی (وەکالە) پەسەندکراوی ئەمساڵ (2025) بێت.
3- ئەگەر خاوەن چەک کۆچی دوایی کردبێت، دەبێت دابەشنامەی (قەسەم شەرعی یان یاسایی) و بریکارنامەی گشت وارسەکان پێشکەش بکرێت.
