پەروەردەی عێراق: ئەو قوتابییانەی کارتی نیشتیمانییان کەرکووک نییە نابێت لەو پارێزگایە تاقیکردنەوە بکەن
لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بڕیار لە بەرژەوەندیی و لە پێناو کارئاسانیی هاووڵاتییان دەردەکات، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە ڕێگری لەو قوتابییانە دەکات کە کارتی نیشتیمانییان کەرکووک نییە، تاقیکردنەوەی دەرەکی بکەن و ئەوەش ناڕەزاییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
ڕەئووف سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "دوای 20 ڕۆژ لە وەرگرتنی مامەڵەی ئەو قوتابییانەی دەیانەوێت تاقیکردنەوەی دەرەکی بکەن، ڕێنماییەکی نوێ لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەرچووە، کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەوەیە "تەنیا ئەو قوتابییانەی کارتی نیشتمانییان کەرکووکە دەتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداربن."
ڕەئووف سەعدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا "لیژنەکە دەبێت پێداچوونەوە بە دۆسییەکان بکات و ئەو قوتابییانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە ڕەوانەی پارێزگاکانیان بکرێنەوە و لەوێ تاقیکردنەوە بکەن.
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک جەختیشی کردەوە، بڕیارەکە عەرەب و کورد دەگرێتەوە و لە کەرکووک 300 هەزار پەنابەر هەن، کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون، پێویستە ئەو قوتابییانەی پەنابەرن و تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکەن، بە هەمانشێوەی قوتابییانی دیکە بگەڕێندرێنەوە پارێزگاکانی خۆیان، لەوێ تاقیکردنەوەکەیان بکەن.
