ترەمپ: مادۆرۆ خۆی باشتر دەزانێت چیم دەوێت
ترەمپ: ئەگەری جەنگ لەگەڵ ڤەنزوێلا بە دوور نازانم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت "ئەگەری جەنگ لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕەتناکەمەوە"، ئەمەش لە کاتێکدایە فشارە سەربازی و گەمارۆ ئابوورییەکان لە دژی ڤەنزوێلا، لە لایەن ئەمەریکاوە توندتر بوون.
هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان لە بارەی ئەگەری جەنگ لە دژی ڤەنزوێلا، دۆناڵد ترەمپ گوتی:" شەڕ لە دژی ڤەنزوێلا ڕەتناکەمەوە"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکە بۆ دروستبوونی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و حکوومەتەکەی نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلا، گوتیشی: ڕێگە نادەن ڕژێمەکەی مادۆرۆ چیتر بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بکات.
لە بارەی هێڵی جێگرەوە و کاتی بۆ گواستنەوەی نەوت لە لایەن ڤەنزوێلاوە، ترەمپ گوتی:"ئەگەر ئەوان ئەوەندە گەمژەبن کە بەکەشتی لە ڕێگەی کاتییەوە کارەکانیان بکەن، ئەوا دەبوو هەر زوو بە کەشتی خۆیان بگەیەنن بە یەکێک لە بەندەرەکانی ئێمە".
سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ئاشکرای بکات، کە ئایا دوورخستنەوەی مادۆرۆ لە دەسەڵات ئامانجی کۆتاییە یان نا، بەڵام گوتی: "ئەو بە تەواوی دەزانێت چیم دەوێت، ئەو لە هەموو کەسێک باشتر ئەوە دەزانێت".
ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر دا گرت.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی "گەمارۆدانی" سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڤەنزوێلای دەرکرد، ئەمەش دوایین هەنگاوی واشنتن بوو بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر حکوومەتی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی کردە ئامانج، هەڵمەتی فشارەکانی ترەمپ دژی مادۆرۆ بریتی بوو لە کۆبوونەوەی سەربازی بەرچاو لە ناوچەکەدا و زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەشتییە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە لە زەریای هێمن و کاریبی لە نزیک ڤەنزوێلا کە بە هۆیەوە نزیکەی 90 کەس کوژراون.
