ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دهۆک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

هەشت سانتیمەتر ئاو زیادی کردووە، ئەو شوێنەوارانەی پێشتر دەرکەوتبوون ئێستا ون بوون، بەنداوی دهۆک؛ بارانبارینێکی زۆر کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئەم بەنداوە دروست کردووە. لە بەنداوەکانی تری ئەم پارێزگایەش ئاستی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."

فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم بارانبارینەی ئەم دواییانە کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبوو لەسەر ڕێژەی ئاوی بەنداوەکان، بۆ نموونە بەنداوی (خەنس) زیاتر لە سێ مەتر ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە، هەروەها بەنداوی (کەشکان)یش بە هەمان شێوە زیاتر لە سێ مەتر زیادی کردووە، بە گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، بارودۆخی بەنداو و پۆندەکان زۆر باشە و بارانێکی باش باریوە."

لە پارێزگای دهۆک چوار بەنداوی گەورە و 60 پۆند هەنە، پشتبەستنی ئاوی پارێزگاکە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانە لەسەر زەوی و ژێر زەوی. هاتنی بارانێکی زۆریش کاریگەری باشی دەبێت بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.

بەشار حاجی زەینەل، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک دەڵێت، "وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاو، ئێمە پشت دەبەستین بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک (خاپدێمێ) کە لەسەر ڕووباری دیجلەیە، هەروەها هەردوو ناحیەی سنووری مانگێشک و زاوێتە کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، بێگومان ئەم بارانبارینە کاریگەری زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی وشکەساڵی و دەبێتە یەدەگەکی باش بۆ ئاوی ژێرزەوی، بەتایبەت بۆ ئەو گوندانەی پشت بە بیر دەبەستن."

ئەمساڵ لە دهۆک تا ئێستا 144 ملم باران باریوە. لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا 28 ملم باران باریبوو.

ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک ئەمساڵ پێنج هێندەی ساڵی ڕابردووە. ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم پارێزگایە دروست کردووە، بە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، ئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بڕێکی زۆر ئاو بۆ ساڵی داهاتوو کۆدەکرێتەوە. 

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل