جووتیارانی دهۆک دەستیان بە چاندنی گەنم کردووە و پێشبینی بەرهەمێکی زۆر دەکرێت

جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک، بە ئومێدێکی زۆرەوە دەستیان بە وەرزی چاندنی گەنم کردووە. بەهۆی ئەو بارانبارینەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتەوە، زەوییەکان ئامادە کراون و جووتیاران سەرقاڵی چاندنی بەرهەمەکانیانن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاندووە؛ پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گەنم بچێنرێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی بارانبارینی ئەمساڵ لە کاتێکی زۆر گونجاودا دەستی پێکردووە، کە یارمەتیدەرە بۆ گەشەی سەرەتایی گەنمەکە.

موسڵح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "داوا لە جووتیاران دەکەین دەست بە چاندنی گەنم بکەن، چونکە بارانەکەی ئەم دواییە کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی هەبووە. هەروەها پێشبینی دەکەین ڕووبەری چاندن بگاتە 900 هەزار دۆنم."

زێرەڤان یاسین، یەکێک لە جووتیارانی ناوچەکە بۆکوردستان24 گوتی: "چاندنی گەنم بەبێ بارانبارین بێ سوودە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ باران لە کاتی خۆیدا باری. من تا ئێستا نزیکەی 1500دۆنم زەوی دێمم چاندووە و 500 دۆنمی دیکەشم ماوە کە دوای بارانی داهاتوو دایدەچێنم. زۆر گەشبینین کە ئەمساڵ بەرهەمێکی باشمان دەبێت."

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی دهۆک گەیشتبووە 400 هەزار تۆن، بەڵام بۆ ئەمساڵ، بەهۆی گونجاویی کەشوهەوا و دابارینی بارانی پێویست، پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێژەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل