شەماڵی عەبەڕەش: بینەری کوردی لەشانۆ تۆراوە
شەماڵی عەبەڕەش، شانۆکار و سینەماکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە شانۆی کوردی دەکات و و تیشک دەخاتە سەر ئامادەبوونی لەهۆڵە شانۆییەکان و دەڵێت، بینەری کوردی لەشانۆ تۆراوە و گۆڕانکاری گەورە لەسەر تۆرانی بینەر لەشانۆدا ڕووینەداوە.
کوردستان24: باسی ئەزموونی خۆت لەناو کایەی هونەریدا بکە؟
شەماڵی عەبەڕەش: پاش هەڵوەشاندنەوەی تیپی سۆران، ساڵی 1972 بوومە ئەندامی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی، لە ساڵی 1975 تا ئێستە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردم و لە سلێمانی زۆربەی بەرهەمەکانم لە کۆمەڵە ئەنجامداوە. ساڵی 2009 لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بەبێ ئامادەبوونی خۆم مەدالیای ئاڵتوونی وەک ڕێزلێنانم پێ بەخشرا.
کارە هونەرییەکانم وەکو، ساڵی 1994 کورتە فیلم بە زمانی کوردی وەرگێڕانی هۆلەندی لە دەرهێنانی حوسێن سێودین، ساڵی 1995 فیلمی ئەو هەرزەکارەی کە ئیتر نادوێ لەگەڵ هونەرمەندی ناسراوی هۆڵەندی Ben Sombogard لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکەی کورد، دیمەنەکانی ئەم فیلمە لە وڵاتانی بەلجیکا و مەغریب و هۆڵەندا وێنەگیرابوون. ساڵی 1996 بەشداریم لە کارێکی شانۆیی کرد بۆ منداڵانی پەنابەر لە هۆڵەندا بەناوی تاجەکەی شازادە، ساڵی 1997 وەک یاریدەدەری دەرهێنەر بەشداریم لە میوزیکی Oparetـی هۆڵەندی کرد لەگەڵ دەرهێنەری هۆڵەندی Erik van Waalaijk van Doorn، ساڵی 1998 بە شانۆی دووبارەی داستانێک بەشداریم لە یەکەم فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە بەرلین کرد، ئەم شانۆیە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند سیروان ڕەحیم بوو، ساڵی 2000 بەشداریم لە دووەمین فیستڤاڵی شانۆی کوردی لە تاراوگە کرد بە شانۆی پێنج تابلۆ لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند شۆڕش قادر بوو، هەر لەوو فێستیڤاڵە خەڵاتی باشترین ئەکتەرم پێ بەخشرا.
کوردستان24: پێشتر تۆ بڕوات وابوو کە بینەر لە شانۆ تۆراوە، ئەی ئێستا بڕوات دەربارەی بینەر گۆڕاوە یان هەروەکو خۆیەتی؟
شەماڵی عەبەڕەش: من ئێستاش لەسەر هەمان باوەڕم، بینەری کوردی لەشانۆ تۆراوە و گۆڕانکاری گەورە لەسەر تۆرانی بینەر لە شانۆدا نەکراوە، کەی شانۆکان ڕۆژانە پڕ بینەر بوون، کەی نمایشەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە هۆڵەکاندا نمایشکران وەک ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان، ئەوکات باوەڕ بە ئاشتبوونەوەی بینەر دێنم.
کوردستان24: لەنێوان شانۆ و دراما و سینەمادا، کامیان زیاتر ئاسوودەیی تەواو بەتۆ دەبەخشێت؟
شەماڵی عەبەڕەش: من بۆ خۆم شانۆکارم و گومانم نیە شانۆ لە هەموو بوارەکانی تر زیاتر ئاسودەم دەکات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە پێش کامێرا چ بۆ سینەما چ بۆ تەلەفزیۆن ئاسودەییم پێ نابەخشێت، بگرە هەموویان هونەری بەرزن، بەڵام بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەر لەکاتی بەرجەستەکردنی ڕۆڵدا تام و چێژێکی جیاوازت پێ دەبەخشێت.
کوردستان24: لەزۆربەی کارە هونەرییەکانت ڕۆڵی پیاوێکی توندڕەو دەگێڕی، ئەو شێوازی نمایشە خۆت پێت خۆشە یان دەرهێنەرەکان ئەو ڕۆڵەت پێ دەدەن؟
شەماڵی عەبەڕەش: زۆرینەی ئەو ڕۆڵانەی بەرجەستەم کردووە لە هەڵبژاردنی دەرهێنەرەکان بووە، ئەگەر دەرهێنەرێک سەرپشکی کردبێتم بۆ هەڵبژاردنی ڕۆڵێک، زۆر جار هەڵبژاردنەکە جیاواز نەبووە لەوەی دەرهێنەر لە خەیاڵیدا بووە، ئەوەش هەروا نییە، کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی هەیە دەرهێنەر دەیخاتە پێش چاوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر وەکو، توانای ئەکتەر، باڵا، جەستە، ڕەنگی موو، تۆنی دەنگ، زۆر شتی تریش دەرهێنەر وا لێدەکات بڕیار لەسەر ئەکتەرێک بدات بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵێک.
کوردستان24: لەو ساڵانەی دواییدا چەند کارێکی سینەمایی کوردی باش کرا و بینەرێکی باش هاتە سینەما و بینەر بوو، تۆ چی دەڵێی لەسەر ئەو پێشکەوتنەی سینەمای کوردی؟
شەماڵی عەبەڕەش: من زۆر دڵخۆش و گەشبینم بەو هەنگاوانەی فیلمی کوردی ناوییەتی و وای کردووە بە بەردەوام فیلمەکان بینەری زۆر باشیان هەبێت، بینەرێک کە زۆربەیان لەسەر ناوەڕۆک و سیناریۆ دەدوێن هەندێکجار بە چاوی ڕەخنەوە باس لە سەرنجەکانیان دەکەن، بینەری ئێستا دەرگای دنیا بینینی لێ کراوەیە بەهۆی جۆرەکانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیاوە، واتە بەگشتییەکەی بینەری ئێستا هۆشیارن.
کوردستان24: چەندین ساڵە خزمەت بەهونەری کوردی دەکەی، ئەی هونەری کوردی چی خزمەتێکی تۆی کردووە؟
شەماڵی عەبەڕەش: دەتوانم بڵێم لە ڕووی مەعنەویەوە هونەر خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووم کە ئەویش بریتیە لەو خۆشەویستی و ڕێزەی لە نێو جەماوەردا پێی بەخشیوم، بەڵام لە ڕووی ماددیەوە هیچ شتێکی پێ نەبەخشیوم.
کوردستان24: پڕۆژەی نوێی هونەریت هەیە؟
شەماڵی عەبەڕەش: ماوەی دوو ساڵە نەگەڕاومەتەوە بۆ کوردستان و هیچ پڕۆژەیەکم لەخەیاڵدا نەبوو، بەڵام بە نیازم سەرەتای ساڵی 2026 بۆ ماوەیەکی باش بێمەوە کوردستان و پڕۆژەی کاری نوێم دەبێت.
شەماڵی عەبەڕەش، شانۆکار و سینەماکار، ساڵی 1955 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی 1976 پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لە شاری بەغدا تەواوکردووە، بەشداری چەندین کاری شانۆیی و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە و یەکێکە لە ئەکتەرە هەرە دیارەکانی کوردستان.
