نەوزاد شێخ کامیل: هەرێمی کوردستان و میسر پەیوەندیی بەهێزی بازرگانییان هەیە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە کوردستان24ی ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان و کۆماری میسر پەیوەندیی بەهێزی ئابووریی و بازرگانییان هەیە دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە بەهێزتر بکەن و برەو پێ بدەن.
دەشڵێت: بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا 23 کۆمپانیای میسری کاڵایان لە میسرەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە کردووە.
هەروەها ڕاشیگەیاند؛ سەرمایەی دانراوی ئەو کۆمپانیایانە لەلای وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 15 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشدا؛ ئەو کەرەستانەی لە میسرەوە هاوردە دەکرێن بریتین لە کەرەستەی کشتوکاڵی و کەرەستەی پزیشکی و کەلوپەلی کارەبایی.
بەگوێرەی ئەو کۆبوونەوە و سەردانە فەرمییە بێت کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی بۆ میسر ئەنجامیداوە، هەردوو وڵات چاویان لە داهاتوویەکی باشترە بۆ پەیوەندییەکانیان بەتایبەتی لەبواری بازرگانیی و ئابوورییدا.
