گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەبەردەم دووڕیانی چەکداماڵین و ململانێی چەکداریدا

گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکی یەکلاکەرەوە و هەستیاردان، بە شێوەیەک کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هەڵوێستی بەشێکی بەرچاو لەو هێزانەدا هاتۆتە ئاراوە.

 ئەم لایەنانە ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و تەنیا لە چوارچێوەی کاری سیاسیدا چالاک بن، ئەم هەنگاوە کە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دیدگای ئەو هێزانەدا هەژمار دەکرێت، هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆ چڕەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی فشار و هەڕەشە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر عێراقدا، ئەگەر بێت و ئەو گرووپانە بەردەوام بن لە کۆنترۆڵکردنی جومگە هەستیارەکانی بڕیاری سیاسی و دەسەڵات.

سەرکردەکانی ئەو گرووپانە وەک قەیس خەزعەلی، ڕێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق و شبل زەیدی، ڕێبەری کەتائیبی ئیمام ئەلی، لەگەڵ حەیدەر غەراوی و کەتائیبی سەیدولشوهەدا، وەک کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم وەرچەرخانە، وەڵامی ئەرێنییان بۆ پێشنیازەکەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری نیشانداوە. 

زێدان لە پەیامێکی فەرمیدا دەستخۆشی لەو سەرکردانە کرد کە بڕیاریانداوە کۆتایی بە کاری سەربازی بهێنن و بەرەو کایەی سیاسی هەنگاو بنێن، بەڵام ئەم ڕێڕەوە بەبێ بەربەست نییە، چونکە کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا بە توندی ئەم بڕیارەیان ڕەتکردەوە و جەختیان لەسەر بژاردەی چەکداری کردەوە تا ئەو کاتەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەمێنن، ئەمەش دابەشبوونێکی قووڵی لەناو بەرەی گرووپە چەکدارەکاندا دروست کردووە کە مەترسیی دووفاقی دەسەڵات و پەکخستنی چاکسازییەکانی لێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆخی ئیستای ناوچەکە وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبینرێت، لەم چوارچێوەیەدا و لە ڕۆژی یەکشەممە 21 کانوونی یەکەمی 2025، زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە گوشارە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ چەککردنی ئەم گرووپانە گەیشتوونەتە ئاستێکی کاریگەر. 

خەلیلزاد ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری بەئامانجگرتنی سەربازی ئەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەک دابنێن، هۆکارێکی دیکەی ئەم پاشەکشەیەیە، ئەو دیپلۆماتکارە جەختی کردەوە کە هەرچەندە ئەم هێزانە خاوەنی دەسەڵاتی ئابووری و سەربازیی بەهێزن، بەڵام لاوازیی ئێستای تاران دەرفەتێکی بێ وێنەی ڕەخساندووە کە نابێت لەدەست بدرێت.

، ئەم ململانێیەی نێوان بژاردەی چەک و بژاردەی دەوڵەت، داهاتووی ئابووری و سەروەریی عێراق دیاری دەکات، حکوومەتی داهاتوو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە دەتوانێت چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا کۆبکاتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل