مامۆستا ئامەد: دەبێت منداڵەکانمان بە هەستی نیشتمانپەروەری پەروەردە بکەین

مامۆستا ئامەد محەممەد
مامۆستا ئامەد محەممەد

لە کاتێکدا شاری کەرکووک یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی دەکردەوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی قوتابخانە کوردییەکان بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و بووە جێگەی شانازی و دەستخۆشییەکی بێوێنەی خەڵکی کوردستان.

 مامۆستا ئامەد محەممەد، بە جۆش و خرۆشێکی نیشتمانییانە و لەگەڵ شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان، سروودی (من کوردم)ی لەگەڵ قوتابییەکانی دەوتەوە، ئەم دیمەنە پڕ لە هەستە لە کاتێکدا بوو کە هەر لەو ڕۆژەدا چەند گەنجێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەستگیر کرابوون و ئازار درابوون. 

ئەم هەڵوێستە نیشتمانییە و دەنگدانەوەیە زۆرەی وای کرد، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ڕێزلێنان و سوپاسگوزاری سەردانی شاری کەرکووک بکات و چەپکەگوڵی وەزارەت پێشکەشی ئەو مامۆستا دڵسۆزە بکات.

مامۆستا ئامەد کە ئاڵای کوردستانی لەسەر سنگی بەستبوو، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، کەرکووک شاری پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانە، بەڵام مافی هەر نەتەوەیەکە ئاڵا و نیشتمانی خۆی بناسێنێت و مێژووی نەتەوەکەی بپارێزێت.

 ئەو جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان لەم جۆرە چالاکییانە، پەروەردەکردنی نەوەیەکە کە بتوانن بەرگری لە مافەکان و خاک و ئاڵاکەیان بکەن و هەستی نیشتماندۆستییان تێدا بەهێز بێت، هەروەها سەردانەکەی وەزیری پەروەردەی بە هاندەرێکی گەورە بۆ بەردەوامبوونیان لەسەر ئەو ڕێچکەیە وەسف کرد و دووپاتی کردەوە،  پێویستە هەستی کوردایەتی لە دڵی منداڵاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیان خۆشبوێت و ئاگاداری ئەو نەهامەتییانە بن کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە.

ئەم مامۆستایە کە بە بنەڕەت خەڵکی قەزای خورماتووە و لە ڕابردوودا هەوڵی عەرەبکردنی ناوەکەشی دراوە، ئاماژەی بەوە کرد ، نەیدەزانی کێ ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە، بەڵام دڵخۆشە کە توانیویەتی دەنگی دڵسۆزی مامۆستایانی کەرکووک بگەیەنێت.

مامۆستا ئامەد سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی پڕۆسەی پەروەردە و مامۆستایان. هەروەها بە خاکەڕاییەوە ڕایگەیاند: نموونەی ئەو لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک زۆرن و زۆربەی مامۆستاکانی ئەو شارە بە هەمان دڵسۆزی و نیشتمانپەروەرییەوە خەریکی پەروەردەکردنی نەوەی نوێی کوردن بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییان.

 

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل