سووریا 50 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە، لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، تاوەکو ئێستا 50 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە، کە ڕووفاتی زیاتر لە دوو هەزار و 865 قوربانی تێدابووە.
دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011ـەوە، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا دۆزراوەتەوە، کە قەبارەی ئەو دڕندەیی و تاوانکارییە سیستماتیکیانەی ڕژێمی پێشوو و میلیشیاکانی دەردەخات، بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامیانداوە، لەوانەش کوشتنی بەکۆمەڵ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی دڕندانە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تا ئێستا لە سنووری پارێزگاکانی دیمەشق، حومس، دەرعا، حەما، دێرەزۆر، ئیدلب و حەلەبدا دۆزراوەتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 50 گۆڕ، کە ڕووفاتی زیاتر لە 2865 قوربانی تێدایە و زۆرینەی قوربانییەکان ئافرەتان و منداڵن. جیا لەو گۆڕانە، هێشتا هەزاران کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە هەموو لیژنە نێودەوڵەتییەکانیی تایبەت بە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ سووریا و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، "لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن، شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک بەڵگەی تاوانکاری بپارێزن، کار بکەن بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان و ڕادەستکردنی ڕووفاتەکان بە بنەماڵەکانیان، هەروەها لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکەن کە دەستیان لەو تاوانانەدا هەبووە".
