ئەمساڵ لە هەولێر نرخی زەوی و زێڕ چەند هێندە بەرزبووەتەوە
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، هەزار و 700 گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی زەوی واژۆ کراون. لەنێو مامەڵەکانیشدا جگە لە کڕیارانی ناوخۆ، دەیان کڕیاری بیانی و تەنانەت چینیش بەدی دەکرێن. هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی بازاڕی زەوی، خواست لەسەر کڕینی زێڕ بە کیلۆ بە مەبەستی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
حاجی ڕەشید مامۆ، خاوەنی نووسینگە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم ساڵ، زیاتر لە هەزار گرێبەستمان کردووە، ئەویش هۆکارەکەی ئەوەیە کوردستان سەقامگیرە و ئاساییشمان بەرقەرارە، گوتیشی، هۆیەکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەموو پرۆژانەی حکوومەت هەر لە زاخۆ تاوەکو سلێمانی کردوویەتی، وەک پشتێنەی سەوزایی و بەنداو و چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیژی.
زاگرۆس گردی شەریفی، دەڵالی زەوی و زار گوتی: 2025 باشترین ساڵ بوو بۆ زەوی و زار، خەڵکێکی زۆر زۆر سوودمەند بوو لێی، کەس نەبووە بڵێ من زەرەرم لە زەوی و زار کردووە، هەمووی سوودیان بینیووە، ئاماژەی بەوەشدا، بڕوا بکە 'چین'ـی هاتووە لێرە زەوی کڕیوە. بەڵام لە مانگی 9 و 10 تۆزێک بازاڕ خاوی پێوە دیاربوو، ئەویش بەهۆی ئەوە بوو ئەو پارانە ڕۆیشتبوو بۆ ناو بازاڕی زێڕ، ئێستا بازاڕی زێڕ کە لە پێوەری خۆی دەرچووە خەڵک پارەکەی خۆی ڕاکێشاوەتەوە و لە کڕینی زەوی بەکاری دەهێنێت.
هەڵکشانی نرخەکان لە ساڵی 2025 هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاند. نرخی پارچەیەک زەوی سەرەتای ساڵ بە 12 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، ئێستا بە کەمتر لە 30 هەزار دۆلار دەست ناکەوێت. ئەمە وایکرد بەشێک لە وەبەرهێنەران بیر لە ڕێگەیەکی نوێی قازانج بکەنەوە.
کاتێک نرخەکان لە بازاڕی زەوی دوو هێندە بەرزبوونەوە، قازانجەکانیش لەم بازاڕە تا ڕادەیەک سنووردار بوون. بەڵام مامەڵەکاران دەستەوەستان نەوەستان. بەشێک لە مامەڵەکارانی ئەم بازاڕە، سەرمایەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە برد. لە کڕینی زەوییەوە بوونە کڕیاری زێڕ. ڕوویان لە بازاڕی زێڕینگران کرد بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بەدەست بخەن.
لێرەوە زێڕ بووە ڕکابەرە سەرسەختەکەی بازاڕی زەوی. ئەگەرچی لەم بازاڕە بەهۆی گرانبوونی نرخەکەی، فرۆشی زێڕ بۆ مەبەستی هاوسەرگیری و جوانکاری کەمی کردووە، بەڵام دیمەنەکە جۆرێکی ترە. خواست لەسەر کڕینی زێڕ بە کیلۆ بۆ مەبەستی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
باوان سەلام عومەر، بازرگانی زێڕ ڕایگەیاند، ساڵەکانی پێشوو زیاتر کڕیارەکانی زێڕ ئەوانە بوون، کە بۆ جوانکاری بەکاریان دەهێنا، بەڵام ئێستا کڕیارەکان زیاتر بۆ وەبەرهێنانە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە ساڵانی پێشوو، 70% و زیاتریش بۆ وەبەرهێنان زێڕ دەفرۆشرێت لای ئێمە، بۆ نموونە لەم ساڵدا لەوانەیە نزیکەی زیاتر، بەپێی ئەو داتایەی لە کۆمپانیای خۆمان هەمانە، زیاتر لە 850 کیلۆ تا نزیکەی تۆنێک، بۆ سەری ساڵ قاڵبی یەک کیلۆییمان بۆ وەبەرهێنان فرۆشتووە.
تەنیا لەم ساڵەدا نرخی کیلۆیەک زێڕ ٥٥ هەزار دۆلار گران بووە. گەیشتووەتە 140 هەزار دۆلار. ئەم کانزا زەردە توانیویەتی 50 جار ڕیکۆردی مێژووی خۆی بشکێنێت.
ساڵی 2025 ساڵی شکاندنی ڕیکۆردەکان بوو. نرخی زەوی لە هەولێر، زێڕ لە کوردستان و جیهان. مامەڵەکاران بە دوای زۆرترین قازانجدا وێڵ بوون. بەشێک لە مامەڵەکارانی بازاڕی خانوبەرە، بە زێڕ قازانجەکانیان خستە گیرفانەکانیانەوە.
