سپێناخ؛ گەنجینەیەکی خۆراکی لەسەر سفرەکانتان و دەرمانێکی سروشتی بۆ جەستە

سپێناخ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەوزە گەڵادارەکان دادەنرێت، کە پڕە لە توخمە خۆراکییەکان، هەروەها سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەهاداری وزەیە و بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڤیتامین و کانزاکان، بە سەوزەیەکی بایەخداری تەندروست بۆ مرۆڤ دادەنرێت.

بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، سپێناخ چەندین سوودی سەرسوڕهێنەری بۆ جەستە هەیە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

پاراستنی تەندروستیی چاو

سپێناخ دوو پێکهاتەی گرنگی تێدایە (لوتین و زیاکسانسین) کە لە تۆڕی چاودا کۆدەبنەوە و دەیپارێزن لە زیانەکانی تیشکی خۆر و تیشکی شینی شاشەکان. هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (A) کە بۆ بینینێکی ورد پێویستە.

تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن 

سپێناخ بە یەکێک لە باشترین سەرچاوە سروشتییەکانی "نیترات" دادەنرێت، کە دەبێتە هۆی باشترکردنی تەوژمی خوێن و ڕێکخستنی پەستانی خوێن، هەروەها پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم تێدایە و یارمەتی ڕێکخستنی لێدانی دڵ دەدات و ڤیتامین (K)ی ڕێگری لە نیشتنی کالسیۆم لەناو خوێنبەرەکاندا دەکات.

کەمکردنەوەی هەوکردن و فشار

بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامین (C)، سپێناخ جەستە لە هەوکردنی درێژخایەن دەپارێزێت، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە، هەوکردنی جومگەکان و پیربوونی پێشوەختە کەم دەکاتەوە.

خۆپاراستن لە شێرپەنجە

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکهاتە ڕووەکییەکانی ناو سپێناخ سیفەتی دژە شێرپەنجەیان هەیە. بەتایبەت بۆ تەندروستیی ڕیخۆڵەکان بەسوودە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەم دەکاتەوە.

باشترکردنی کۆئەندامی هەرس

بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڕیشاڵەکان  (Fibers)، سپێناخ یارمەتی پرۆسەی هەرسکردن دەدات و جوڵەی ڕیخۆڵەکان ئاسان دەکات.

پاراستنی تواناکانی مێشک

ڤیتامین (K) و لوتین و ترشی فۆلیک کە لە سپێناخدا هەن، کاریگەرییەکی سەرەکی لە پاراستنی مێشک و دەمارەکان دەگێڕن. خواردنی بەردەوامی ئەم سەوزەیە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی نیشانەکانی پیری لەسەر مێشک و پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشی "زەهایمەر".

دابەزاندنی کێش و بەهێزکردنی توانای جەستەیی

سپێناخ کالۆرییەکی زۆر کەمی تێدایە و خاڵییە لە چەوری و کۆلیستڕۆڵ، هەستێکی درێژخایەنی تێربوون بە مرۆڤ دەبەخشێت.

هەروەها بۆ وەرزشوانان زۆر بەسوودە، چونکە نیتراتی ناو سپێناخ یارمەتی گەیاندنی ئۆکسجین بۆ ماسولکەکان دەدات و وزەی جەستە زیاد دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل