پێگاسۆس گەشتەکانی نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس گەشتە ئاسمانییەکان لە ئیستانبوڵ و سلێمانی دەست پێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ڕایگەیاند؛ بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن (هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس)ەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێدراوە، وا بڕیارە لە27ـی 12ـی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ دەست پێبکەن.

ڕاشیگەیاند؛ بڕیارە پێگاسۆس هەفتەی 3 گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدەن.

دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دوای ئەوە دێت، تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025، قەدەغەی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرت. ئەم بڕیارە دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی گەشتەکان هات، تورکیا لە نیسانی ساڵی 2023 گەشتەکانی ڕاگرتبوو.

هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتەکان بووەتە هۆی ئەوەی چەندان هێڵی ئاسمانیی دیکەی تورکی، وەک تورکیش ئێرلاین، گەشتەکانیان بۆ سلێمانی دەستپێبکەنەوە. ئەمەش جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای بووژاندووەتەوە.

چاودێران پێیانوایە، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، بەتایبەتی گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووریی ناوچەکە دەبێت و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان دەکات. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وەک دەروازەیەکی گرنگ بۆ گەشتکردن بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دادەنرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل