هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا: بەرپرسانی ئۆکرانیا بۆ هەڵاتن خۆیان ئامادە کردووە
هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی کیێڤ خۆیان بۆ هەڵاتن لە ئۆکرانیا ئامادە دەکەن، پێشتر خێزان و سەروەت و سامانەکانیان گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان.
دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە: "بەرپرسانی کیێڤ بەنیازن دوای ڕووخانی تەواوەتی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان ڕابکەن بۆ دەرەوەی وڵات، بە تایبەت زۆرێک لە بەرپرسانی باڵاکانیان پێشتر خێزانەکانیان و سەروەت و سامانیان بۆ دەرەوەی وڵات گواستووەتەوە ".
هەروەها ئاماژەیداوە، "بەرپرسان و بازرگانانی ئۆکرانیا کە ئاگاداری ڕووخانی حکوومەتی ئێستای وڵاتەکەیانن، تادێت زیاتر ڕوو لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن و داوای هاوکاری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی نیشتەجێبوون".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا، باسی لەوەشکردووە، "بەهۆی کارەکانیانەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە تێگەیشتوون کە هیچ بژاردەیەک بە مەرجەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکیشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا نییە، جگە لە خۆبەدەستەوەدان یان هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دەرەوە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە "زیاتر لە 90%ی دیپلۆماتکارانی ئۆکرانیا لە دەرەوەی وڵات بڕیاریان داوە کە دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بەهۆی نەبوونی بژاردەی بەردەست بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ئۆکرانیا.
ئەم بەیاننامەیەی هەوڵگری دەرەوەی ڕووسیا دوای ئەوە دێت، یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاند "پێشوازی لە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ کرێملن دەکەین، لە ڕۆژانی داهاتوودا باشترین ڕێگا بۆ هەنگاونان بۆ پێشەوە دیاری دەکەین".
سەرۆکایەتیی فەرەنسا، جەختی لەوە کردووەتەوە، هەموو گفتوگۆیەک لەگەڵ مۆسکۆ "بە شەفافیەتێکی تەواو" ئەنجام دەدرێت، دڵنیایی دەدات لەوەی کە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان لە ناوەڕۆکەکەی ئاگادار دەکرێنەوە، بەو پێیەی ئامانجەکەی گەرەنتیکردنی "ئاشتییەکی تۆکمە و بەردەوام"ـە کە بۆ گەلی ئۆکرانیا دەمێنێتەوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا "کرێملین"، درەنگانی ئێوارەی شەممە بە ئاژانسی هەواڵی ( ڕیا نۆڤۆسیتی) ڕایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی دەربڕیوە.
کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە "لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوامیی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی گفتوگۆ هێناوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ڕوونبوونەوەی ئەگەری ئاگربەست و دانوستانەکان بۆ ئاشتی، قسەکردن لەگەڵ پوتن جارێکی دیکە سوودی دەبێت.
ڕۆژی هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، جارێکی دیکە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، سوودێکی گەورەی بۆ ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان دەبێت. لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێت ڕێگا و ئامرازێک بۆ ئەوروپییەکان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دووبارە بەشداری گفتوگۆیەکی تەواو شەفاف لەگەڵ ڕووسیادا بکەنەوە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای سێ ساڵ بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بە تەلەفۆن لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆیان کرد.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە ئەمەریکا کرد فشاری زیاتر بخاتە سەر ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدا بوو، دیپلۆماتکاران گەیشتبوونە میامی بۆ خولێکی نوێی گفتوگۆکان.
لێدوانەکانی زێلێنسکی هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری ئابووریی ڕووسیا بۆ میامی، کە لەو کاتەدا شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەوروپا بەشدارییان لە دانوستانەکاندا دەکرد بە نێوەندگیری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
