شەڕی سوپای سووریا و هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەستیان پێکردووە
بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند گەڕەکێکی ستراتیژی دەستیپێکردووە. لە کاتێکدا شەڕی چەکداری لە ئارادایە، نیشانەشکێنەکان جموجۆڵیان لە ناوچە سەرەکییەکان پەکخستووە و مەترسییان بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان دروست کردووە.
بەپێی نوێترین زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب لە ئارادایە.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایانگەیاندبوو کە بازگەیەکی هاوبەشی ئەوان و هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە بازنەی شیحان کەوتووەتە بەر هێرشێکی چەکداری و بەهۆیەوە دوو کارمەندیان بریندار بوون. هەرچەندە ئاسایشی ناوخۆی حەلەب گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام میدیا فەرمییەکانی سووریا و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، ڕوودانی ئەو شەڕ و پێکدادانە چەکدارییانەی لە سنووری باکووری حەلەب پشتڕاست کردەوە، کە بووەتە هۆی تێکچوونی تەواوی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە هەسەدەدان و هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا. بازگەی شەیحان وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان ئەو ناوچانەدا دەبینرێت. دروستبوونی شەڕ لەم تەوەرانەدا و بەکارهێنانی نیشانەشکێن، مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر سەلامەتی مەدەنییەکان دروست کردووە و ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێی گرژییەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناو سووریا.
