زیاتر لە 950 هەزار قوتابی ئێران لە خوێندن بێبەشن
قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە لە ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار قوتابی لەو وڵاتە لە خوێندن بێبەش بن.
دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، هادی موسەوی نیک، بەڕێوبەری کاروباری پاڵپشتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: لە 15 ساڵی رابردوودا بودجەی تەرخانکراو بۆ پەروەردە لە لایەن حکومەتەوە 12%دابەزیوە و لە لایەکیش توانایی دارایی بنەماڵەکان کەم بووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی موسەوی نیک، لە ساڵی 2011دا 4% لە خەرجییەکانی بنەماڵەیەک بۆ خوێندنی قوتابییەکانیان تەرخان دەکرا، بەڵام ئێستا ئەم رێژەیە بۆ 2% دابەزیوە، ئەوەشی بۆ کەمبوونەوەی داهاتی بنەماڵەکان گەڕاندەوە.
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و پێگەیاندنی ئێران ڕایگەیاند: زیاتر لە 950 هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەش کراون.
لە لایەکیش فەرشاد ئیبراهیمپوور، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی پەرلەمان، ساڵی رابردوو سەبارەت بە منداڵانی بێبەشکراو لە خوێندن گوتی: زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی بۆ خوێندن ناونووس نەکراون.
