ڕامی عەبدوڵڕەحمان: شەڕ لەنێوان ئاسایش و گرووپە چەکدارەکان تا ئێستا بەردەوامە

ڕامی عەبدولڕەحمان
ڕامی عەبدولڕەحمان

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، شاری حەلەب ئاڵۆزییەکی سەربازیی توند و پێکدادانێکی فراوانی بە بەکارهێنانی چەکی قورس لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و گرووپە چەکدارەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی بەخۆیەوە بینی. 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە شەڕەکە تا ئێستا بەردەوامە و مەترسییەکی گەورەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و ژیانی مەدەنییەکان دروست کردووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند: پێکدادانەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب چڕ بوونەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ڕوانگەکە ، هێرشەکە سەرەتا لەلایەن گرووپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریاوە کراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە بازگەی شەیحان، بەڵام هێرشەکە بە توندی وەڵام دراوەتەوە و شەڕەکە گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بریندار بوون.

 شامی حکوومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم ئاڵۆزییانە زانی و ڕایگەیاند:  ناتوانێت کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل