ئەمشەو شاندی پارتی دەگاتە بەغدا
دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، شاندێکی باڵای ئەو حزبە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، کەمێکی دیکە دەگەنە بەغدا سبەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا، شاندەکەی پارتی دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ سەرجەم لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، لەنێویاندا چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان) و لایەنە سوننەکان، هەروەها بڕیارە سەردانی کاردیناڵ لویس ساکۆش بکەن.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی شاندی پارتی بریتی دەبێت لە وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان سەبارەت بە میکانیزمی پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لە کابینەی داهاتوودا.
هاوکات لەگەڵ سەردانی شاندەکەی پارتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕدان. بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەکەیان بریتییە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پرسی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان کە بوونەتە هەڕەشە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیران، ناکۆکیی قووڵ لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە. هەریەک لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە و بە مافی خۆیانی دەزانن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەو دوو ناوە ڕێکنەکەون، حەیدەر عەبادی وەک بەربژێری سازان (تەسویە) ناوی دەهێنرێت، کە پێشتر داوای لێکرابوو وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە هەڵبژاردن بکشێتەوە تاوەکوو بۆ ئەم قۆناغە ئامادە بێت.
چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکانەوە، بەتایبەت لەنێوان مالیکی و سوودانی، بە ئاسانی پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لەم کۆبوونەوانەدا یەکلا نەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
