فازڵ میرانی: گفتوگۆی نیشتمانی پڕۆژەیەکی هۆشیارانەیە
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لە گرنگی گفتوگۆ و دانوستانی ناوخۆیی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان.
لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، میرانی پێیوایە دانوستان تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هۆشیارانەیە کە پێویستی بە ئامادەیی لایەنەکان بۆ گوێگرتن و درککردن بە فاکتەری کات هەیە، بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکان ئاڵۆزتر نەبن.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لە وتارەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بوونی پرسە گرنگەکان و لایەنە کاریگەرەکان وا دەکات، دانوستان ببێتە پێویستییەکی حەتمی.
ئەو پێیوایە دانوستان ئاستی هۆشیاری لایەنەکان نیشان دەدات، بە مەرجێک داواکارییەکان بابەتی بن و بە بەڵگەی ڕاست پشتڕاست بکرێنەوە.
میرانی دەڵێت: سەرکەوتنی هەر دانوستانێک بەندە بەوەی لایەنەکان ئامادەیی ڕاستەقینەیان تێدابێت بۆ گوێگرتن و هەنگاونان بەرەو ئەنجام، نەک مانۆڕکردن بۆ ئامانجێک کە لەگەڵ جەوهەری گفتوگۆکەدا ناگونجێت.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی، نابێت ڕێگە بدرێت کێشە ناوخۆییەکانی وڵات لە کۆنترۆڵ دەربچن و بگەنە ئاستێکی مەترسیدار، چونکە لەو دۆخەدا کێشەکان تێکەڵی داواکاری نوێ و دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان دەبن، ئەمەش چارەسەرکردنیان ئەستەم دەکات.
هەروەها باس لەوە دەکات، هۆکارە نیشتمانییەکان دەتوانن هاوکار بن بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان، لەوانەش ناسنامەی نیشتمانی، چاودێری ڕای گشتی و کاریگەریی سەرکەوتنەکان لەسەر هەستی هاووڵاتییان. جگە لەوەش، تێڕوانینی دەوڵەتانی خاوەن بڕیار بۆ سەقامگیری و هەڵوێستەکان، پاڵنەرێکی گرنگن بۆ ئەوەی پرۆسەی دانوستان بگاتە ئەنجامی ئەرێنی.
