نەوزاد شێخ کامیل: بەغدا هێشتا 190 ملیار دیناری جووتیاران قەرزدارە
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر دابەشکردنی بەشەخۆراک، وەرگرتنی گەنم و چاودێری بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند: "لە ساڵی 2025دا تا ئێستا 7 بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بەشەی هەشتەم دەکرێت. سەبارەت بە ئاردیش، لە کۆی 10 بەشە، ئێستا لە دابەشکردنی بەشی دەیەمداین."
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بە بڕی ئەو ماددانە کرد کە مانگانە بۆ هەر هاووڵاتییەک دابین دەکرێت، کە پێکهاتووە لە:
سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، 400 گرام دۆشاو، یەک لیتر زەیت، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئارینۆک (لۆبیا یان نۆک).
نۆ کیلۆ ئارد بۆ هەر هاووڵاتییەک.
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و شایستە داراییەکان
سەبارەت بە پرسی گەنم، ئاشکرای کرد کە ئەمساڵ 386 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە کە بەهاکەی زیاتر لە 300ملیار دینارە. گوتیشی: "تا ئێستا 112 ملیار دینار گەیشتووە و دابەشکراوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 190 ملیار دیناری جووتیاران لای حکوومەتی عێراق ماوە و نەهاتووە، هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پارەیەش بگات."
نەوزاد شێخ کامیل، ئاماری لیژنەکانی چاودێری بازرگانی خستەڕوو کە لە شەش بەڕێوەبەرایەتی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، سۆران و زاخۆ) پێکهاتوون:
ئەنجامدانی 45،392 سەردان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان.
تۆمارکردن1،854 سەرپێچی.
داخستنی 247 شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان.
کۆکردنەوەی زیاتر لە 513 ملیۆن دینار وەک غەرامەی دارایی.
لەناوبردنی زیاتر لە 750 تەن و 131 کیلۆگرام ماددەی ماوەبەسەرچوو.
مۆڵەتی بازرگانی و هاوسەنگی هەناردە و هاوردە
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەدا؛ لەم ساڵدا ،2،955 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوە بە بازرگانان بۆ هێنانی کەلوپەلی جۆراوجۆر، لە بەرامبەریشدا تەنیا 115مۆڵەتی هەناردەکردن دراوە. ناوبراو نیگەرانی خۆی نیشاندا لە کەمیی ڕێژەی هەناردەکردن و ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا هاوسەنگییەک لە نێوان هاوردە و هەناردەدا دروست بکەن و بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر ڕەوانەی دەرەوە بکەن.
