لە سیتەک زیادەڕۆیی دەکرێتە سەر موڵکی هاووڵاتییان

کوردستان 24 بەدواداچون بۆ کێشەى چەند هاووڵاتییەک دەکات لە ناحیەى سیتەک کە خاوەن باخن، ئەو هاووڵاتیانە باس لەوە دەکەن، باخەکان بە موڵک بە ناوى ئەوانەوەیە، بەڵام چەند کەسێک بە پشتیوانی چەند بەرپرسێک زیادەڕۆیان کردووەتە سەر موڵکەکانى ئەوان و زیانى زۆریان پێگەیاندوون. 

 خاوەن باخێک دەڵێت: 12 ساڵە ئەم باخەى هەیە، بەڵام نزیکەى ساڵێکە بەردەوام بە ڕێگەى شارەوانى و دادگاو پۆلیسەوەیە، محەممەد کە بە بەڵگە باخەکەی لە سیتەک بەناوییەتی، بە گوتەی خۆی، ماوەیەک لەمەو بەر چەند کەسێک بە پشتیوانی بەرپرسانى باڵا، لەسەر موڵکەکەى ئەو بە نایاسایی باخىان دروستکردووە و بیرىان هەڵكەندووە، دەشڵێت: سکاڵاى زۆرى تۆمار کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

محەممەد بەختیار، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "چەند ساڵە ئەم باخەمان هەبووە هیچ کێشەیەکی نەبووە و تاپۆیە، دوو دەرگای هەیە و چەند دەڵاڵێک هاتوون بە پاڵپشتی چەند بەرپرسێک دەرگای سەرەوەیان لێ داخستووم، زستانان بەهۆی بارانەوە ناتوانین دەرگاکەی خوارەوە بەکاربهێنین و دەرگای سەرەوە بەکار دەهێنین، ئێستا دەرگاکەیان لێ داخستووم و شەقامەکەیان پڕ کردووەتەوە و شاخەکەیان داڕماندووە و سیمای ناوچەکەیان تێکداوە و شوێنی شەقامەکەیان کردووە بە باخ و فرۆشتوویانە بە چەند کەسێک کە خەڵکی مەدەنی و بەرپرسن."

گۆڕینى ڕێڕەوى ئاو بەهۆى ئەو باخە نایاساییانە وایکردووە کۆمەلێک باخى زۆر بەهۆى لافاوەکەى چەند ڕۆژى ڕابردوو زیانى زۆریان پێبگات و چەندین نەمام و درەختیش هەر بەهۆى ئەو باخانەوە زیانىیان بەرکەوتووە، باخى چەند هاووڵاتییەکى دیکەش کە لە تەنیشت باخەکەى محەممەدەوەن زیانیان بەرکەوتووە .

ئارى ئەکرەم، دانیشتووێکی دیکەی سیتەک گوتی،" لە پشتەوە ڕێرەوی ئاوی هەیە بەڵام گیراوەو کە باران دەبارێت ئەو خۆڵە دەکەوێتە خوارەوە شاخەکەش کە بڕاوە تێکراوەتەوە و بەرگەی ئاو ناگرێت و دەکەوێتە خوارەوە."

بە گوێرەی بەدواداچوونەکان لە ناوچەى گەشتیاریى سیتەک، کۆمەڵێک باخ و خانوو بە نایاسایی دروستکراون ، ئەوەش زیانی بە سروشت و ژینگەى ناوچەکە گەیاندووە .

لەسەر پرسی زیادەڕۆییکردن بۆ سەر هەندێک موڵکی هاووڵاتییان لە ناحیەی سیتەک  لە لایەن چەند کەسێکەوە، تیمی کوردستان24 پەیوەندی کرد بە شارەوانی سیتەکەوە، بەڵام گوتیان ئەم پرسە پەیوەندی بە ئیدارەی ناحیەکەوە هەیە، دوای چەندین هەوڵ و پەیوەندیکردن بۆ گەیاندنی کێشەی ئەو هاووڵاتیانە هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل