پاریس ئۆفەرێكی سەیروسەمەرە پێشكەشی لویس ئێنریكی دەكات
پاریس سانجێرمان دەیەوێت لویس ئێنریکی بکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی راهێنەرانی جیهان و دەیەوێت ئۆفەرێکی سەیروسەمەرە و دەگمەن پێشکەشی راهێنەرە ئیسپانییەکە بکات.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان دەیەوێت گرێبەستی لویس ئێنریکی نوێبکاتەوە و راهێنەرە ئیسپانییەکە بکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی سەرجەم راهێنەرانی جیهان، کە ئیستا ئێنریکی لە پاریس مانگانە 1.1 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان دەیەوێت تاهەتایە گرێبەستی لویس ئێنریکی نوێبکاتەوە کە هاوینی 2027 راهێنەرە ئیسپانییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە کۆتایی دێت، پاریس دەیەوێت تاهەتایە مانەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە یانەکەی مسۆگەر بکات و بە مووچەیەکی خەیاڵی گرێبەستی ئێنریکی نوێبکاتەوە کە وەرزی رابردوو شەش نازناوی لەگەڵ پاریس بەدەستهێنا و یانەکەی کردە پاڵەوانی خولی فەڕەنسی و چامپیۆنزلیگ.
لویس ئێنریكی تەمەن 55 ساڵ، لە كاروانی راهێنەرایەتی خۆی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ بارسێلۆنا و پاریس بردووەتەوە، دووجاریش خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهانی وەرگرتووە بە كۆی گشتی ئەو راهێنەرە 20 نازناوی بەدەستهێناوە، 10 نازناوی بۆ بارسێلۆنا بردووەتەوە، 10 نازناویشی بۆ پاریس بەدەستهێناوە.
