پەیامنێری کوردستان24: کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی لە بەغدا تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت
ئەمشەو شاندی باڵای پارتی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرکردە سوننەکان کۆدەبێتەوە؛ ئامانجی شاندەکە مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراق؛ بڕیاریشە کۆبوونەوەکانیان تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام بێت.
سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە شاندی دانوستانکاری باڵای پارتی ئەمشەو لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆببنەوە؛ هاوکات شاندەکە لەگەڵ سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆ دەبنەوە
گوتیشی: کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ سەرکردەکانی بەغدا تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوتەکانی کورد لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراق بپارێزن، کە بڕیارە 29ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.
باسی لەوەشکرد، مەبەست لە کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ ئەو سەرکردانەی باس کردنە لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و گۆڕینەوە ڕا و بووچوونی یەکترە، هەروەها شاندی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە دەبێت لە حکوومەتی داهاتوو هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان هەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندی پارتی دووپاتی کردووەتەوە، داڕشتنی حکوومەتی داهاتوو دەبێت لەسەر میکانزمێک بێت کە تەواو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و بەڵێن و ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن، بە تایبەت ناردنی شایستە دارییەکان و ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە داهاتە نەوتی و نانەوتی.
لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی لە بەغدایە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
شاندەکەی پارتی پشکی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات.
شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
