لەبارەی کەیسی نێگریرا چەند نهێنییەكی دیكە ئاشكرا دەبێت
کوڕەکەی نێگریرا چەند نهێنیەک لەسەر ئەو کەیسە دەدركێنێت
کەیسی نێگریرا، خەریکە جارێکی دیکە دەبێتەوە بابەتی گەرمی میدیاکانی ئیسپانیا و جیهان، لە نوێترین پێشهات کوڕەکەی نێگریرا چەند نهێنیەک لەسەر ئەو کەیسە ئاشکرا دەکات. ساندرۆ رۆسێل سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆناش، ئەویش کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەیسەکە ماوەیەک دەسگیر کرا، چەند نهێنیەک لەسەر ئەو کەیسە ئاشکرا دەکات.
تادێت بابەتی کەیسی نێگریرا گەرمتر دەبێت و ئەمجارەیان، کوڕە گەورەکەی جێگری سەرۆکی پێشووی ناوبژیوانانی ئیسپانیا، قسە لەسەر چەند نهێنییەکەی ئەو کەیسە دەکات.
کەیسی نێگریرا ماوەیەکی زۆرە یانەکانی ئیسپانیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەو کەیسەی گوایە لە ساڵانی 1993 تـاوەکو 2018، لەلایەن بەرپرسانی پێشووی بارسێلۆناوە زیاتر لە هەشت ملیۆن یۆرۆ وەکو بەرتیل، دراوەتە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان، بۆ ئەوەی لە زۆربەی یارییەکان ناوبژیوانەکان ئەنجامی یارییەکان لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بکەنەوە.
بەرنامەی بەناوبانگی ئیسپانی ''ئێلچرینگیتۆ'' گرتە ڤیدیۆیەکی کوڕەکەی نێگریرا بە ناوی خاڤیێر ئێنریکێز کە لە رۆژی 18ـی سێبتێمبەری ئەمساڵ ریکۆرد کراوە بڵاوکردووەتەوە و باس لە چەند نهێنیەکی ئەو کەیسە دەکات.
لەو گرتە ڤیدیۆیە لە کوڕەکەی نێگریرا دەپرسن، ئایا تۆ ناراستەوخۆ چیت بۆ بارسێلۆنا کردووە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هیچ کەسێک نەیدەزانی کەی لەگەڵ ناوبژیوانەکان کۆدەبمەوە و هەندێکجار بەشێک لە ناوبژیوانەکان خۆیان پەیوەندیان پێوە دەکردم.
کوڕەکەی نێگریرا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئاشکرابوونی ئەو کەیسە پرسیاری لە باوکی کردووە کە بۆچی ئەوی بەکارهێناوە، بەڵام باوکی زۆر بە توڕەیی بەرگری لە خۆی کردووە و بابەتەکەی رەتکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ساندرۆ رۆسێل سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگا دانی بەوە ناوە ئەو کاتەی بووەتە ئەندامی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا، نێگریرای ناسیوە و خودی خوان لاپۆرتا ئەو کەسەی پێ ناساندووە.
رۆسێل لەمبارەوە بەرامبەر دادوەر دەڵێت، ساڵی 2003 کاتێک بووم بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا، نێگریرام ناسی و خوان لاپۆرتا ئەوی بە من ناساند گوتی راوێژکاری ناوبژیوانی یانەکەمانە و جار جارەش لە یاریگا بینیویەتی.
