وەزیری ناوخۆی تورکیا: فڕۆکەی سوپاسالاری لیبیا لە ئاسمانی تورکیا ونبووە

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی تایبەت کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای لیبیا و چەند سەرنشینێکی تری تێدایە، لە ئاسمانی تورکیا ونبووە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند: فڕۆکەکە بەرەو تەرابلوس بەڕێکەوتبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی، ئاماژەی نیشتنەوەی بەپەلەی ناردووە و پاشان پەیوەندیی لەگەڵ ناوەندەکانی کۆنترۆڵ پچڕاوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە ونبووەکە لە جۆری فالکۆن 50 بووە و بە ژمارەی نیشانەی 9H-DFJ ناسراوە، فڕۆکەکە کاتژمێر 20:10ی ئەمشەو لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە بە ئامانجی گەیشتن بە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بەڕێکەوتووە، بەڵام کاتژمێر 20:52 پەیوەندیی لەگەڵدا پچڕاوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزیری ناوخۆ، دواین ئاماژە کە لە فڕۆکەکەوە گەیشتبێت لە نزیک ناوچەی هایمانا بووە، کە تێیدا فڕۆکەوانەکە ئاگادارییەکی بۆ نیشتنەوەی بەپەلە ناردووە، بەڵام دوای ئەوە هیچ لێدوان و پەیوەندییەکی تری لەگەڵدا نەکراوەتەوە.
لەناو فڕۆکە ونبووەکەدا پێنج سەرنشین هەبووە، کە دیارترینیان فەریق روکن محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد، سەرۆکی ئەرکانی سوپای لیبیایە.

 وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی کردەوە، تیمە پەیوەندیدارەکان خەریکی بەدواداچوونی وردن بۆ گۆڕانکارییەکان و لە هەر پێشهاتێکی نوێ ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.

 پڕۆسەی گەڕان و بەدواداچوون لەو ناوچەیەی کە دواین ئاماژەی لێوە بینراوە، بەردەوامی هەیە.

فڕۆکە ونبووەکە:

جۆر : فالکۆن 50 

گەشت : کاتژمێر 20:10ی ئەمشەو

سەرنشین: پێنج

تورکیا بۆ لیبیا

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل