پارتی و یهكێتی: حكومهت تاكه لایهنی گفتوگۆیه لهگهڵ بهغدا
پارتی و یهكێتی ئامادهی كۆبوونهوهی سێ قۆڵین
K24 – ھەولێر:
پارتی و یەكێتی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئامادەن، ھەردوولاش كۆكن لەسەر ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاكە لایەنی گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەغدا و پێویستە لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت، پاڵپشتی شاندی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن لەگەڵ حكومەتی عێراق.
رێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی گوتی: پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەچن.
مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشیمانی كوردستان سەردانی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد، لە پایتەختدا ھەردوولا نوێنەرایەتی حزبەكانیان دەكەن، بەڵام دۆخەكە و پەیوەندی نێوان ھەردوو حزب و پرسە سیاسی و داراییەكانی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، وایان خواست كە ئەمانە گفتوگۆكانیان فراوانتر بكەن، بەتایبەت كە ھەردوو كەسی یەكەمی كۆبوونەوەكە ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكانیانن.
پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی ھاوبەشیان ھەیە بۆ سهرجهم ئەو پرسە سیاسییانەی لەنێوان ھەردوولا ھەن، لە رابردووشدا چەند جارێك كۆبوونەتەوە، بەرامبەر بەغدا ئێستا ھەردوو حزب تاڕادەیەك گوتارێكی ھاوبەشیان ھەیە، پارتی لەگەڵ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی و فراواندایە بۆ ئەوەی بەرامبەر بەغدا ھاو ئاراستە بن.
پارتی و یەكێتی كۆكن لەسەر ئەوەی، حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاكە لایەنە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی بەشداری لە حكومەتیش، پشتیوانی تەواوی شاندی دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بن لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق.