پشتیوان سادق: لە ساڵی نوێدا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێ دەست پێدەکەنەوە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا هەموو ئەو بابەتانەی کە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە ماونەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتاییان پێدەهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، لە لێدوانێکی ڕۆژانامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەبارەی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کاری زۆر باش ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لە نووسینەوەی ستراتیژیەت و دیدگای حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە هەندێک وردەکاریین کە هیواخوازبووین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییان پێبێت، بەڵام بەداخەوە بەبێ هیچ هۆکارێک نەتوانرا یەکلایی بکرێنەوە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: "ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە. پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەموومان یەکدەنگ بین بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بیپارێزین و هاوکات هەوڵی بەدەستهێنانی مافی زیاتر بدەین لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا."
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەش دا: "بە ئومێدێکی گەورەوە دەڕوانینە ئایندە و دوای سەری ساڵی نوێ، گفتوگۆکان هەم بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، کە خەڵک بە شێوەیەکی دیموکراتیانە دەنگی داوە بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکەی خۆیان هەڵبژێرن، هەم بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراقیش دەست پێدەکاتەوە."
جەختی لەوەش کردەوە: "لە هەموو بابەتەکان گرنگتر، پاراستنی یەکڕیزی و کۆدەنگیی کوردە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش خاڵی جەوهەریی ئێمەیە. لە سەرەتای ساڵی تازەوە هەموو بابەتەکان بەرەو کۆتایی دەچن و بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتاییان پێدێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەکرد: "بابەتی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کەلتووری باوباپیرانمانە، بۆیە جەخت لە پاراستن و بەهێزکردنی دەکەینەوە." هەروەها گوتی: "لە یادی سەری ساڵی زایینی 'کریسمس'دا، کەسانێک بە مەبەست یان بێ مەبەست ئەو دەرفەتانە دەقۆزنەوە و بە شێوەیەکی نەرێنی کاری لەسەر دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوەیان لە یاد بێت کە ئەم پێکەوەژیانەی هەیە بەرهەمی هەولی مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەیە، بۆیە پێویستە ئەو پێکەوەژیانە بە باشی بپارێزرێت."
دەربارەی ئامادەکارییەکانیش بۆ سەری ساڵی نوێ، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "زیاتر لە 90%ـی مەسیحییەکانی عێراق، کە پتر لە 14 تائیفەی مەسیحی لەخۆدەگرن، زۆربەیان لە شارۆچکەی عەنکاوە بە ئازادی و بێ کێشە دەژین. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئازادیی بیروباوەڕ و پێکەوەژیانی ئایینیی و نەتەوەیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان. بۆیە پارێزگاری لەو کەلتوورەمان دەکەین و هەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ سەری ساڵ بە باشی کراون."
