لە شەقڵاوە کریستیانەکان ئامادەکاریی بۆ جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا دەکەن
لە شەقڵاوە ئامادەکارییەکانی ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا، تەنیا لە ڕازاندنەوەی ماڵ و شوێنە گشتییەکان و کڵێسەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو ئەم جەژنە جەخت لەسەر خۆشەویستی و پێکەوەژیانی بەردەوام و وابەستەیی بەهێزی کریستیانەکان بە دابونەریتەکانی خۆیانەوە دەکاتەوە.
ڤێنار یەعقووب هاووڵاتییەکی کریستیانی شەقڵاوە بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە بەدڵێکی خۆشەوە یادی جەژنەکەمان دەکەینەوە، هەروەها ئێمە لە شەقڵاوە سەردانی یەکتر و خزم و کەسانمان دەکەین، لە شوێنەکانی دیکەوە دێن و سەردانیمان دەکەن و ئەو جەژنە پەیوەندییەکانی نێوان کریستیانەکان لەنێوان خۆمان و لەگەڵ موسوڵمانانیش دەبووژێنێتەوە."
نەک تەنیا لەنێو ماڵەکان، بەڵکو لە کڵێساش ئامادەکاریی و ڕازاندنەوە دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە جەژن، هەر لە ئامادەکردنی نموونەی هاوشێوەی ئەو ئەشکەوتەی حەزرەتی عیسا تێیدا لەدایکبووە تا دەگاتە سروودی ئایینی و ئەنجامدانی قدداس و دوعای جەژن.
ئەنیس یەعقووب قەشەی کڵێسای شەقڵاوە دەڵێت: " تەراتیل و سروودی تایبەت ئامادە دەکرێت و جگە لەمەش دروستکردنی نموونەی ئەشکەوت بۆ بەرجەستەکردنی شوێنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح ئامادە دەکرێت وەک بەبیرهێنانەوە." هەروەها قەشە ئەنیس یەعقووب ئەوەشی خستە ڕوو کە لە هەردوو جەژنی لەدایکبوون و جەژنی هەڵسانەوە نەێژ و تەسبیحاتی تایبەت بەخۆیان هەیە.
لە شەوی 24ی مانگی کانوونی یەکەم، ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا بەڕێوە دەچن و ڕۆژی 25ـی هەمان مانگ یەکەم ڕۆژی جەژن دەست پێ دەکات.
