دهۆک بە ئامادەکاریی بەرفراوان پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ دەکات

دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، ئامادەکارییەکی چڕ و بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ پێشوازیکردن لەو هەزاران گەشتیارەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە پشووەکانی سەری ساڵی نوێدا ڕوو لەو پارێزگایە بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا زۆربەی بازاڕ و شەقامە سەرەکییەکانی دهۆک بە شێوەیەکی جوان ڕازێنراونەتەوە و بڕیاریش وایە لە شەوی سەری ساڵدا لە زۆربەی هۆتێل، کافی و چێشتخانەکان ئاهەنگی هونەری و جەژنەکان بەڕێوەبچن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بوونی پتر لە 900 بنکە و شوێنی گەشتیاری لە پارێزگاکەدا کە 140دانەیان هۆتێل و مۆتێلن و توانای حەواندنەوەی ڕۆژانەی نزیکەی 17هەزار گەشتیاریان هەیە.

ئێستا زۆربەی هۆتێل و مۆتێلەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری کاردەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە میوانەکان بکەن، بە جۆرێک کە بەهۆی زۆریی داواکارییەکانەوە زۆربەی ژوورەکان لە ڕێگەی ئۆنلاین و کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە لەلایەن گەشتیارانی ناوخۆ و عەرەبەوە پێشوەختە حیجز کراون.

لەم بارەیەوە کاهین ئازار وەک کارگێڕی هۆتێلێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان سەرقاڵی دوایین ئامادەکارییەکانن و تیمی هۆتێلەکەیان کە پێکهاتوون لە پێکهاتە جیاوازەکان خەریکی ڕێکخستنی جەژنەکانن، هەروەها سیپان عسمەت وەک خاوەن شیرینەمەنییەک دەڵێت کە ساڵی ڕابردوو پێشوازییان لە 3 هەزار کەس کردووە و بۆ ئەمساڵیش بەگوێرەی ئەو داواکارییانەی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێیان گەیشتووە، خۆیان بە باشترین شێوە ئامادە کردووە.

لای خۆشیانەوە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی هۆتێلەکان و کۆمپانیاکان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی گەشتیارە بیانی و ناوخۆییەکان بکرێت. شەمال هروری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان پشتیوانی تەواوی چالاکییەکانی کەرتی تایبەت دەکەن و داوایان لە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان کردووە کە بایەخێکی زۆر بە پاکوخاوێنی بدەن بۆ ئەوەی سیمایەکی بێوێنە و جوان پێشکەش بەو گەشتیارانە بکەن کە لەم بۆنەیەدا دەگەنە پارێزگای دهۆک و دەیانەوێت شەوێکی شایستە بەڕێ بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل