هاووڵاتییەکی باکووری کوردستان بە کوژراوی لە هۆتێلێکی سلێمانی دۆزرایەوە
سەرچاوەیەک لە سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرای کرد، نێوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بە کوژراوی لە هۆتێلێکی سلێمانی دۆزراوەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەیدا، لە بوونی تەرمێک لە ناو هۆتێلی تاجی پاشا ئاگەدارکراونەتەوە، کە دەکەوێتە ناو بازاڕی شاری سلێمانی.
گوتیشی: کوژراوەکە خەڵکی خەڵکی باکووری کوردستانە و تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە، بەڵام شوێنەواری چەقۆ بە جستەیەوە دیارە.
هەروەها ئاماژەیدا، تیمەکانی پۆلیس و بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە .
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی کوژراوەکە تەمەنی سەرووی 25 ساڵە، هەرچەندە بڕیاربوو پۆلیسی سلێمانی، دوای لێکۆڵینەوە، ئەنجامێکی سەرەتایی ڕووداوەکە بڵاو بکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بدرکێنن، دۆسیەی ڕووداوەکەیان ڕادەستی ئاسایشی کردووە، ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسی کوژرانی ئەو هاووڵاتییەی باکووری کوردستان دەکات.
