بە فەرمی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق راگەیاندرا
5 یاریزانی یانەكانی هەولێر، دهۆك و زاخۆ بانگهێشت كراون
عیماد محەمەد، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق لیستی یاریزانەكانی بۆ جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان راگەیاند، 5 یاریزانی یانەكانی هەولێر، دهۆك و زاخۆ بانگهێشت كردووە و جگە لە ئادەم تاڵیب هیچ یاریزانێكی دەرەوەی عێراقی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بانگهێشت نەكردووە.
جامی لاوانی نەتەوەكانی ئاسیا بە بەشداریی 16 هەڵبژاردەی كیشوەری ئاسیا رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات و رۆژی 25ـی هەمان مانگ كۆتایی دێت، پاڵەوانێتییەكە 19 رۆژی دەخایەنێت و لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی عێراق كەوتووەتە كۆمەڵەی چوارەم و شانبەشانی هەڵبژاردەكانی ئوسترالیا، چین، عێراق و تایلەند یاریی دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، 27 دێسمێبەری 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا لە بەغدا عیماد محەمەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لیستی یاریزانانی وڵاتەكەی بۆ جامی ئاسیا راگەیاند.
لە لیستەكەدا 2 یاریزانی یانەی هەولێر (كومەیل سەعدی و مستەفا قابیل) بانگهێشت كراون، لە یانەی دهۆكیش بانگهێشتی یوسف ئیمام و مستەفا نەواف كراوە، لە لایەكی دیكەیشەوە حەمید عەلی لە یانەی زاخۆ ناوی لە لیستەكەدا هاتووە، بەمەش یانەكانی هەولێر و دهۆك و زخۆ بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ چوار هەفتە لە تواناكانی ئەو یاریزانانە بێبەش دەبن.
بەهۆی ئەوەی جامی لاوانی ئاسیا ناكەوێتە رۆژی یارییەكانی فیفا، بۆیە هیچ یانەیەكی ئەورووپا و دەرەوە ئامادەنەبوون رێگە بە یاریزانەكانیان بدەن بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە بكەن، تەنیا ئادەم تاڵیب كە لە خولی سلۆڤینی یاری دەكات گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی كۆتایی هاتووە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق كراوە.
هەڵبژاردەی ژاپۆن هەڵگری نازناوی رابردووە و تاكە وڵاتە دووجار ئەم نازناوەی بردووەتەوە، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی عێراق پێشتر لە 2013 ئەم نازناوەی بردووەتەوە و دووجاریش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، شێرەكانی رافیدەین چاویان لەوەیە لە رێگەی ئەم پاڵەوانێتییە بلیتێكی ئۆڵمپیكی داهاتوو بەدەستبهێنن.
