مەسعود پزیشکیان: ئێران لە حاڵەتی شەڕێکی سەرتاسەریدایە

سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا، لە شەڕێکی سەرتاسەری گەورەدایە، سوپاکەشمان لەوەی کە پێشتر هەبووە بەهێزترە".

شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی خۆی لە حاڵەتێکی شەڕی تەواوەتی دەبینێت لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپا، جەختیشی کردەوە، ڕۆژئاوا هەوڵی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران دەدات بۆ دووبارە هەستانەوە و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەمان". 

پزیشکیان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "خامنەیی" گوتی:"هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت، جەختی لەوە کردەوە، کە یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێران هەموو پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستدرێژییەکانی پێشووی ئیسرائیل کە بە شەڕی 12 ڕۆژە ناسراوە، نەبووە هۆی داڕمانی پێشبینیکراوی ڕژیمی ئێران، هاوکات ئێران بە هێز و ئیرادەی گەلێکی یەکگرتوو، گەمارۆ و گوشارەکان تێدەپەڕێنێت.

سەبارەت بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پزیشکیان گوتی:" سەرەڕای سزاکان، سوپای ئێران، بەراورد بە ڕابردوو، ئێستا بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی پێشوو بۆ سەر وڵاتەکەمان بەهێزترە، هاوکات گوتیشی، "بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی سوپا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر هەڕەشیەکی ئەگەری بۆ سەر وڵاتەکەمان".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ڕۆژئاوا و ئیسرائیل تادێت زیاتر پەرەدەستێنێت، هەروەها گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و مشتومڕەکانیش لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامە.

دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا

تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەم لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.

جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.      

ڕاگەیاندنی ئاگربەست

دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل