دادگاییكردنی دوو ئەفسەری رژێمی پێشوو لەسەر كەیسی جینۆسایدی بارزانییهكان دهستپێدهكات
بڕیارە سبەی لە شاری بەغدا، پڕۆسەی دادگاییكردنی دوو ئەفسەری باڵای رژێمی پێشوو بە پلەی لیوا دەستپێبکات، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان.
ئەم دادگاییكردنە دوای ئەوە دێت کە هێزە ئەمنییەکان هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە و یەکێکیان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا ناوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافەوە دەرچوون، هەردوو تۆمەتباری سەرەکی، بریتین لە لیوا شاکر تەها یەحیا غەفور ئەلدوری و لیوا سەعدون سەبری جەمیل ئەلقەیسی.
دادگا بە فەرمی یاداشتی ئامادەبوونی بۆ دەرکردوون تاوەکو بەپێی ماددەکانی 12 و 15 لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان، کە تایبەتن بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و جینۆساید، دادگایی بکرێن.
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، لیوا شاکر ئەلدوری بە وردی باسی لەو نەخشە و پیلانانە کردووە کە بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان پەیڕەو کراون، ئەم دانپیانانە وەک بەڵگەیەکی گرنگ لە دانیشتنی دادگای تاوانەکانی ڕەسافە دەخرێتە ڕوو.
هاوکات تیمی پارێزەرانی دۆسیەی بارزانییەکان و نوێنەری کەسوکاری قوربانییان لە هۆڵی دادگا ئامادە دەبن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە و بەرگریکردن لە مافی یاسایی قوربانییان.
بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا لیستی ناوی 35 سکاڵاکار و شایەتحاڵی ئامادە کردووە کە دانیشتووی ناوچەکانی بارزان، هەریر، سۆران، پیرمام، مەسیف و ناحیەی بەحرکەن، ئەم هاووڵاتیانە وەک لایەنی سکاڵاکار لە دۆسیەی ژمارە 9/ج/2025 بانگهێشت کراون تاوەکو گەواهییەکانی خۆیان لەسەر ئەو کارەساتانە بدەن کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەسەر کەسوکاریاندا هاتووە.
جینۆسایدی بارزانییەکان یەکێکە لە برینە قووڵەکانی مێژووی گەلی کورد، کە تێیدا لە ساڵی 1983دا نزیکەی 8000 مرۆڤی بێتاوان لە تەمەنە جیاوازەکاندا، لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانەوە ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کران و لەوێ بێسەروشوێن کران، ئەم دادگاییكردنەی ئێستا کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 28/12/2025 بەڕێوە بچێت، بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ سزادانی ئەو تاوانبارانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون و دەستیان لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبووە.
