ساڤایا بە ئەجێندایەکی دیاریکراوەوە سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات
نەخشەڕێگەی ترەمپ بۆ عێراق: چەککردنی گرووپە چەکدارەکان مەرجی سەرەکیی هاوبەشیی ستراتیژییە
سەرچاوە باڵاکانی کۆشکی سپی پەردەیان لەسەر وردەکاریی و ناوەرۆکی کۆبوونەوە داخراوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا، هەڵدایەوە. بە پێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان و داڕشتنەوەی ئاییندەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا بووە.
یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوە باڵاکانی نێو کۆشکی سپی، نهێنییەکانی کۆبوونەوە داخراوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارک ساڤایای نێردەی تایبەتەکەی بۆ عێراق ئاشکرا کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، کە "دۆسیە هەستیارەکان و ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق"، دیارترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
سەرچاوە باڵاکانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کرد، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، لە یەکەم گەشتی فەرمیدا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات.
بە پێی زانیارییەکان، ئامانجی سەردانەکە دەستپێکردنی زنجیرەیەک گفتوگۆی تەقلیدی نییە، بەڵکو خستنەڕووی نەخشەڕێگیەکی ڕوونە بۆ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەڵگری ئەولەوییەتەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکایە.
چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرجی پێشوەختەیە
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە پەیامێکی ڕوونیان ئاڕاستەی بەغدا کردووە. ناوەرۆکی پەیامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ قۆناغی "هاوبەشیی باڵا"، بەستراوەتەوە بە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و هێشتنەوەی چەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
لەو بارەیەوە بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەدەن، هەرچەندە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەی ئەرێنی دەرکەوتوون سەبارەت بە ئامادەیی هەندێک گرووپ بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، بەڵام واشنتن خوازیاری هەنگاوی خێراتر و کۆتاییهێنانە بەم دۆسیەیە بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆ ستراتیژییەکان.
کەمکردنەوەی هەژموونی وڵاتانی هەرێمی
بە گوێرەی شرۆڤەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بوونی هەژموونی ڕیشەداکوتاوی وڵاتانی هەرێمی لەنێو جومگەکانی دەوڵەتی عێراقدا، ڕێگرە لەوەی بەغدا ببێتە هاوبەشێکی متمانەپێکراو. ستراتیژیی نوێی ئەمەریکا ئامانجییەتی عێراق لە چوارچێوەی پەیوەندییە تەقلیدییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو دەربهێنێت و بیکاتە کارەکتەرێکی سەرەکیی هەرێمی.
خاڵی جەوهەریی جیاوازیی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدارەکانی پێشوو، لە شێوازی جێبەجێکردندایە. سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە ترەمپ و تیمەکەی بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی "دواخستن" و "کات کوشتن" ناکەن.
بڕیارە سەردانەکەی ساڤایا بە لیستێکی دیاریکراو لە ئەرک و وادەی جێبەجێکردن بەڕێوە بچێت. سەرچاوە باڵاکانی کۆشکی سپی باسیان لەوە کرد، پەیامی واشنتن بۆ بەغدا ڕوونە؛ ئەم سەردانەی ساڤایا بۆ بەغدا بۆ دانوستان و ڕاوێژ نییە، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەیە کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر فشارێکی کاتیی دیاریکراودا.
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ساڤایا
ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای لە شوێنی حەوانەوەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا کرد.
هەر لەم بارەیەوە هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکئ ئەمەریکا بۆ عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( ئێکس) پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بڵاو کردبووەوە و نووسیبووی: فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمەریکا فەرمانی پێ کردووم بڕۆمە عێراق.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق باسی لەوەش کردبوو، بە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا زۆر خۆشحاڵ بووم و بەڕاستی ڕێگەیەکی نایاب بوو بۆ بەسەربردنی جەژنی سوپاسگوزاری.
