دیدارەکەی ترەمپ و زێلێنسکی نرخی زێڕ و زیوی دابەزاند
نرخی کانزا گرانبەهاکان لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینیان تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان کەم بوونەوە و وەبەرهێنەران دەستیان کرد بە فرۆشتنی پشکەکانیان بۆ بەدەستهێنانی قازانج.
ڕۆژی دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاویکردەوە، نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێکاندا بە ڕێژەی 0.4% دابەزی و نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 4512.74 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردبوو، کە 4549.71 دۆلار بوو. هەروەها گرێبەستە داهاتووەکانی مامەڵەی زێڕ لە ئەمەریکا بۆ مانگی شوبات، بە ڕێژەی 0.4% دابەزین و گەیشتنە 4536.40 دۆلار.
هاوکات نرخی زیویش دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی؛ نرخەکەی بە ڕێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 78.12 دۆلار، پاش ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکردبوو کە 83.62 دۆلار بوو.
تیم واتەرەر، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای (KCM Trade) دەڵێت: "دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و گفتوگۆ بەرهەمدارەکانیان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی، لەگەڵ پرۆسەی چنینەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، بوونە هۆی پاشەکشەکردنی نرخی زێڕ و زیو."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە؛ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا زۆر لە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا نزیک بوونەتەوە.
سەبارەت بە ئاستی گەشەی کانزاکان لەمساڵدا، زیو بە ڕێژەی 181% گەشەی کردووە و پێش زێڕ کەوتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕوو و زیادبوونی خواست لە کەرتی پیشەسازیدا. زێڕیش لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 72% نرخەکەی بەرزبووەتەوە و چەندین ئاستی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی زێڕ لەمساڵدا بۆ پێشبینییەکان سەبارەت بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمەریکا، ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان و زیادبوونی خواست لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا وەبەرهێنەران بەهۆی نادڵنیاییەوە لە دۆلار دوور کەوتبوونەوە.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی پلاتین لە مامەڵە دەستبەجێکاندا بە ڕێژەی 0.4% دابەزی و گەیشتە 2441.20 دۆلار، هەروەها نرخی پالادیۆمیش بە ڕێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە 1771.99 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
