دڵنیا قەرەداغی بۆ کوردستان24: دوای سەری ساڵ بەرهەمی نوێ بڵاودەکەمەوە
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دڵنیا قەرەداغی، ماوەیەکی زۆرە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێکی نوێی نەبووە، لە نوێترین لێدوانی بۆ کوردستان24 باس لەنوێترین پرۆژەی هونەری خۆی دەکات و نەیویست ناوی بەرهەمە تازەکەی ئاشکرا بکات و وەک سوپڕایزێک باسی لێوە کرد و دەڵێت: دوای سەری ساڵ بەرهەمی نوێی خۆم بڵاودەکەمەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، خانمە هونەرمەندی گۆرانیێژ دڵنیا قەرەداغی، باس لە بەرهەمە تازەکەی خۆی دەکات و دەڵێت: ئەو بەرهەمە تازەیەم لە هۆنراوەی سەید نووح عینایەتییە، مامۆستا سالاری ساز، کاری دابەشکردنی بۆ کردووە لەگەڵ تیپی ئۆرکێسترای کرماشان کاری مۆسیقای بۆ کراوە بە بەسەرپەرشتی مامۆستا واحید نەزەری.
قەرەداغی باس لەوە دەکات کە بۆچی ماوەیەکە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێکی نییە و دەڵێت: هۆکاری بێدەنگبوونم ئەو ماوەیە ئەوەبوو کە لە کوردستان نەبووم و لە میسڕ بووم، سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆم بووم و کاتی بەرهەمهێنانی هیچ کارێکی هونەریم نەبوو، بەڵام دوای سەری ساڵ بەبەرهەمێکی نوێوە دەگەڕێمەوە و دڵی هەوادارەکانم خۆش دەکەم.
خانمە هونەرمەندی گۆرانیێژ دڵنیا قەرەداغی، ساڵی 1976 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لەساڵی 2014 هاوسەرگیری لەگەڵ کونسڵی پێشووی میسڕ لەهەولێر کرد، قەرەداغی خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی گۆرانی تۆمارکراوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە هیچ بەرهەمێکی نوێی نەبووە و بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاوبکاتەوە.
