ویتکۆف: بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ کیێڤ و وڵاتانی ئەوروپا گفتوگۆمان کرد

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە و جارێد کوشنەر زاوای ترەمپ، پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و جیهان ئەنجامداوە، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ، ڕایگەیاند، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە و جارێد کوشنەر زاوای ترەمپ، پەیوەندییان کردووە بە هەریەکە لە، جۆناسان پاول، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا، ئیمانوێل بۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فەرەنسا، گونتەر ساوتەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەڵمانیا، ڕوستام عومەرۆڤ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئۆکرانیا و سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا بۆ دانوتسانەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەرهەمداریان ئەنجامداوە لە بارەی ڕاگرتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

ویتکۆف لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی، لە گفتوگۆکاندا باسیان لە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی کردووە و تیشکیان خستۆتە سەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان بە شێوەیەکی پراکتیکی، لەوانەش بەهێزکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە دووبارە دوای ڕاگرتنی شەڕ ناکۆکییەکان سەرهەڵنەدەنەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گفتوگۆکاندا چەند بابەتێکی گرنگ تاوتوێ کراون، یەکێک لەوانە پاکێجی بواژندنەوەی ئۆکراینا بووە دوای کۆیایی هێنان بە شەڕ.

لای خۆیەوە عومەرۆڤ، لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، ڕایگەیاندووە، "گفتوگۆکانمان لە بارەی زیادکردنی هەمەهەنگییەکانی نێوانمان بووە لە یەک هەڵوێستی و پلاندانان بۆ کۆبونەوەی زیاتر لەگەڵ هاوبەشە ئەمەریکی ئەوروپییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی 2026.

لە پۆستەکەیدا گوتویەتی، " ئامادەکاری دەکەین بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان لە 3ـی  کانوونی دووەم، لەسەر ئاستی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی زیاتر لە دە وڵات بەشداری بکەن، جگە لە ناتۆ و کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هاوبەشە ئەمریکییەکانیشمان بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری بکەن.

درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:" ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک کە لە ساڵی نوێدا ئەنجامی بەرجەستە و ئەرێنی لێبکەوێتەوە.

ئەم قسانەی سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت، یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتن زۆر باش بوون و زەمینەسازییەکی گونجاویان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو کردووە.

چاودێرانی سیاسی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ترەمپ لەگەڵ پوتن، پێش دیدارەکەی لەگەڵ زێلێنیسکی، وەک پەیامێکی ڕاشکاوی واشنتن دەبینن بۆ ئەوەی ئەمەریکا ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا بگێڕێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی مار ئە لاگۆدا، پێشنیازە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی خێرا بخرێنە بەردەم زێلێنیسکی.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای گەیشتنیشی بە دەسەڵات، بەردەوام بەڵێنی ئەوەی داوە کە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کورتترین ماوەدا کۆتایی پێ بهێنێت، ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە ناڕاستەوخۆیە (پەیوەندی لەگەڵ پوتن و دیدار لەگەڵ زێلێنیسکی) لە کاتێکدایە کە جەنگەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و ئەوروپا و هاوپەیمانانی ناتۆ بە وردی چاودێریی سیاسەتە نوێیەکانی کۆشکی سپی دەکەن، بەکارهێنانی کۆشکی مار ئە لاگۆ وەک ناوەندێکی دیپلۆماسی، نیشانەی ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت بە شێوازێکی کەسی و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی دۆسێیە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان بکات، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاسایشی جیهانی بپارێزێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل